رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، 28-07-2026، واشنتنی پایتەختی ئەمریکا رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری پارتیی کۆماری بەڕێوەدەبات. لەم رێوڕەسمەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چەندین سەرکردەی جیهانی بەشدارن بۆ رێزگرتن لەو سیناتۆرەی کە بە دۆستی نزیکی ئیسرائیل و ئۆکراینا دەناسرا.
بەگوێرەی بەرنامەی راگەیێندراو، رێوڕەسمەکە بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 10:00 بەکاتی واشنتن، واتە 5:00ی ئێوارە بەکاتی هەولێر لە باڵەخانەی کۆنگرێس (کاپیتۆڵ) بە هێنانی تەرمی گراهام دەستپێدەکات. تەرمەکە لەلایەن تیمی تایبەتی هێزە چەکدارەکانەوە دەگوازرێتەوە و لەژێر چاودێریی پاسەوانانی کاپیتۆڵدا دادەنرێت بۆ ئەوەی رێز لە خزمەتە درێژخایەنەکانی بگیرێت.
بڕیارە رێوڕەسمی سەرەکی کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی ئەمریکا کە دەکاتە 9:00ی شەو بەکاتی هەولێر لە کاتدراڵی نیشتمانیی واشنتن بەڕێوەبچێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی ماڵئاوایی پێشکێش دەکات. هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدیمیر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەشداریی تێدا دەکەن. نەتەنیاهوو، گراهامی بە "دۆستێکی راستەقینەی ئیسرائیل" ناو بردووە.
رۆژی چوارشەممە، 29-07-2026، تەرمەکە دەگوازرێتەوە بۆ ویلایەتی کارۆلینای باشوور بۆ ئەوەی لەوێ بە خاک بسپێردرێت.
لیندزی گراهام لە 11-07-2026 لە تەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە مرد.
راپۆرتە پزیشکییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هۆکاری مردنەکەی "دڕانی شاخوێنبەری دڵ" بووە. گراهام بۆ ماوەی 4 خول سیناتۆری کارۆلینای باشوور بووە و یەکێک بووە لە داڕێژەرانی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ئەو لەم قۆناخەدا وەک یەکێک لە کاریگەرترین دەنگەکانی نێو پارتیی کۆماری دەبینرا کە گوشارێکی زۆری بۆ پشتگیریکردنی هاوپەیمانەکانی واشنتن دروست دەکرد.



