رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە سەرکۆنەی ئەو "مامەڵە پڕ لە توندووتیژییە"ی کرد لەم مانگەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەرامبەر دوو دیپلۆماتی فەرەنسی لە تاران کرا. یەکێتییەکە ئەم مامەڵەیەی تارانی بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە سەرکۆنەی ئەو مامەڵە پڕ لە تووندوتیژییە دەکات لە 19ـی تەممووزدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەرامبەر دوو دیپلۆماتی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران ئەنجامدرا."
کالاس گوتی، ئەم جۆرە کارانە "پێشێلکارییەکی زەقی پەیماننامەی ڤیەننان و بنەمای پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەخەنە مەترسییەوە."
حکومەتی فەرەنسا دەڵێ، ئەو دوو دیپلۆماتەی وڵاتەکەی رووبەڕووی "کردەوەیەکی یەکجار مەترسیداری تۆقاندن" بوونەتەوە.
ژان نوێڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، رۆژی 20ـی تەممووز وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و گوتی: "دیپلۆماتەکان بۆ چەندین کاژێر بێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا، تەنانەت یەکێکیان رووبەڕووی ئازاری جەستەیی و لێدان بووەوە،" پێش ئەوەی رێگەیان پێ بدرێ بگەڕێنەوە نێو باڵیۆزخانەکە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، باڵیۆزی فەرەنسایان لە تاران بانگهێشت کردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتییەکی تووند بەرامبەر رەفتاری ئەو دوو دیپلۆماتە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ دیپلۆماتە فەرەنسییەکان کە "بە پاساوی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی ئێراندا کردووە."


