رووداو دیجیتاڵ
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو زیاتر لە 390 درۆن ناوچەی مۆسکۆیان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشە چڕە تەنیا چەند کاژێرێک پێش دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان ڤۆلۆدیمیر زێلێنیسکی و دۆناڵد ترەمپ دێت.
سۆبیانین دەڵێ، لە نێوان کاژێر 08:30ی شەو تاوەکو 06:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، زیاتر لە 390 درۆن بەرەو ناوچەی مۆسکۆ فڕیون، بەڵام زۆربەی درۆنەکان لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە لە دوورەوە تێکشکێندراون و 81 درۆنیش لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ لەنێو براون.
هاوکات ئەندرێی ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری ناوچەی مۆسکۆ رایگەیاند، بەهۆی ئەم هێرشانەوە زیان بەر چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە. ڤۆرۆبیۆڤ ئاماژەی بەوە کرد لە شارۆچکەی چێخۆڤ و گوندی ڤاولۆڤۆ، چەند خانوو و باڵەخانەیەک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم هێرشە بەرفراوانەی ئۆکراینا لە کاتێکدایە بڕیارە هەر ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی جەنگ و رێگەکانی گەیشتن بە ئاشتی.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
کیێڤ لەم مانگانەی دواییدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی پار رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئۆکراینا چڕتر کردەوە، دەستی کردووە بە بە ئامانجگرتنی قووڵایی خاکی رووسیا و پایتەختی ئەو وڵاتە. ئەم پێشهاتە سەربازییانە گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر مۆسکۆ و ئاسایشی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان خستووەتە مەترسییەوە.



