رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی هەواڵگری گشتیی ئوردن دەڵێن، زنجیرەیەک پلانیان پووچەڵ کردووەتەوە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیان کردبووە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵیی ئوردن بڵاویکردەوە، هەواڵگری گشتیی ئوردن 16 کەسی بەتۆمەتی "پلاندانان بۆ تێکدان و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکردووە.
هەواڵگری گشتیی ئوردن دەڵێت: "ئامانج لە پیلانەکە زیانگەیاندن بووە بە ئاسایشی نیشتمانی و بڵاوکردنەوەی پشێوی و دروستکردنی وێرانکاری لەنێو شانشیندا."
گرووپەکە لە ساڵی 2021ـەوە لەلایەن فەرمانگەی هەواڵگریی گشتیی ئوردنەوە خراوەتە ژێر چاودێری.
ئاژانسی هەواڵگریی ئوردن دەڵێت، گرووپەکە پلانی هەبووە بە بەکارهێنانی کەرەستەی نێوخۆیی و کەرستەی هاوردەکراو، مووشەک، درۆن و تەقەمەنی دروست بکات.
هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستییان بەسەر مووشەکێکدا گرتووە کە گرووپەکە بۆ تەقاندن ئامادەی کردبوو.
جگە لە دروستکردنی چەک، گرووپە 16 کەسییەکە تۆمەتی ئەوەشیان دراوەتە پاڵ کە هەوڵیان داوە خەڵک بۆ خۆیان رابکێشن و راهێنانیان پێ بکەن، هەروەها چەند کەسێکیشیان بۆ راهێنانپێکردن رەوانەی دەرەوە کردووە.
فەرمانگەی هەواڵگریی گشتیی ئوردن دەڵێت، هەموو دەستگیرکراوەکان رەوانەی دادگەی ئاسایشی دەوڵەت کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی میدیای ئوردنی، ئیبراهیم محەممەد سەرپەرشتیاری گرووپەکە بووە و پەیوەندی بە ئیخوان موسلمینەوە هەبووە و پێشتریش تۆمەتی دروستکردنی تەقەمەنی ئاراستە کراوە و دۆسیەکەی هێشتا لە دادگەیە.
ئاژانسی هەواڵگریی ئوردن ئاماژە بەوە دەکات، گرووپەکە ناوەندی ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگاکانی زەرقا و عەممان بووە، هەروەها شوێنێکیان بۆ دروستکردن و هەڵگرتنی چەک لە ناوچەی نوقەیرە هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ