رووداو دیجیتاڵ
سوودانی و ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی وادەیەک لەلایەن تیمێکی هاوبەشی هەردوو وڵات، بۆ سەردانی ماکرۆن بۆ بەغدا.
ئەمڕۆ (شەممە، 15ـی ئاداری 2025) نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە پێگەیشت و، هەردوولا رێککەوتن لەسەر کارکردنی تیمی هاوبەشی هەردوو وڵات بۆ دیاریکردنی وادەی سەردانی ماکرۆن بۆ بەغدا، قسەشیان لەبارەی بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی کرد."
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون سەبارەت بەوەی، دەبێت پڕۆسەی نوێی سیاسی سووریا رەنگدانەوەی فرەچەشنی کۆمەڵایەتی بێت، جەختیشیان لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویی لەو وڵاتە کردەوە، لەگەڵ کارکردن بۆ پێکهێنانی پڕۆسەیەکی سیاسی فرەیی و گشتگیر."
سوودانی و ماکرۆن جەختیان لەسەر گرنگیی سەقامگیرکردنی لوبنان و، پەرەپێدانی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە و بەردەوامیی دان بە ئاگربەست کردووەتەوە.
هەر لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا، رێککەوتن لەسەر هاوئاهەنگیی دووقۆڵی بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و، دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە بۆ پرسی ئێران و سەرکێشینەکردن بە نانەوەی ئاڵۆزی، لەگەڵ گرنگیی گرتنەبەری رێگەی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان."
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدبوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی هەردوولا و پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە؛ لەنێویاندا بوارەکانی ئابووری و رۆشنبیری. هەروەها خواستی عێراق بۆ فراوانکردنی کاری کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە وڵاتەکەدا دووپات کردووەتەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "سەرۆکی فەرەنسا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق، لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردووەتەوە و، ئامادەیی فەرەنسای بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیشانداوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ