رووداو دیجیتاڵ
بێ بارانی، شەڕی ئۆکراینا و شەڕی گرووپە پەڕگیرەکان، گرانیان لە مالی دروستکردووە. ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بانکی جیهانی، داهاتی ساڵانەی تاک لەو وڵاتەدا تەنیا هەزار و 230 دۆلارە.
وڵاتەکە 44.6٪ی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. توانای کڕینی گەنم و ئاردیان نییە و چاوەڕێی دیارییەکەی ڤیلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا دەکەن کە بەڵێنی داوە 50 هەزار تۆن گەنم بێ بەرامبەر بۆ وڵاتانی ئەفریقا بنێرێت.
عەبدولرەحمان کۆلیبالی، دانیشتووی باماکۆی پایتەختی مالییە و دەڵێت، "دیارییەکەی رووسیا دەتوانێت تا رادەیەک یارمەتیدەربێت، ئەگەرچی چارەسەر نییە."
هاووڵاتیانی مالی، پێشوازی لە دیارییەکەی پووتین دەکەن و بە ئاماژەیەکی دۆستانە دایدەنێن، بەڵام دەڵێن ئەوە نابێتە چارەسەری کۆتایی بۆ وڵاتە خاوەن 22 ملیۆن دانیشتووانەکە.
داود کۆلیبالی، دانیشتوویەکی دیکەی پایتەختی مالییە و دەڵێت، "باشترین چارەسەر ئەوەیە یارمەتیمان بدەن کار لە خاکی خۆماندا بکەین. لە بری ئەوەی ماسیمان پێ بدەن، پێویستە فێری ماسیگرتنمان بکەن. خاکمان هەیە، با بەنداومان بۆ دروستبکەن بۆ ئەوەی لە هەموو وەرزێکدا بتوانین کار بکەین."
بەگوێرەی بانکی جیهانی، پار کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆی مالی 18.83 ملیار دۆلار بووە، واتە لە رووی قەبارەوە 124ـەمین ئابووریی جیهانە، هەروەها داهاتی ساڵانەی تاک، تەنیا هەزار و 230 دۆلار بووە.
ڤلادیمیر پووتین 27ی تەممووز لە لووتکەی رووسیا- ئەفریقادا بەڵێنیدا لە ماوەی سێ تاوەکو چوار مانگدا 50 هەزار تۆن دانەوێڵە بنێرێت بۆ مالی، بورکینا فاسۆ، زیمبابوێ، سۆماڵ، ئێریتریا و کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، لە کاتێکدا کە رازینەبوونی مۆسکۆ بە نوێکردنەوەی رێککەوتنی دەریای رەش بووەتە هۆی ئەوەی گەنمی ئۆکراینایان پێ نەگات.


