رووداو دیجیتاڵ
یەکەم ئەفسەری کورد بڕوانامەی ماستەری سەربازی لە کۆلێژی سەرکردایەتی و ئەرکانی گشتیی زانکۆی سەربازیی ئەمریکا بەدەستهێنا، ئەفسەرەکە دەڵێت، دەیەوێت لە رێگەی بڕوانامەکەی خزمەت بە هێزەکانی پێشمەرگە بکات.
رائید ئاری ئەکرەم عەلی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، رۆژی 7ـی ئەم مانگە وەکو یەکەم ئەفسەری کورد بڕوانامەی ماستەری لە "توێژینەوەی ئۆپەڕاسیۆنەکان" لە زانکۆیەکی سەربازیی ئەمریکا بەدەستدەهێنا، جگە لە دیبلۆم لە زانستی سەربازی لە هەمان زانکۆ.
ئەو ئەفسەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکەم کەسم ماستەر لە کۆلێژی سەرکردایەتی و ئەرکانی ئەمریکا بەدەستبهێنم، یەکەم ئۆفەر بوو کە بۆ کوردستان تەرخانکرا بەدرێژایی ساڵانێکی زۆری پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان."
ئەفسەرە کوردەکە لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە نێردراوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە كۆلێژى فەرماندەیی و ئەرکانی گشتی (Command and General Staff College) لە زانکۆی سەربازی(Army University) و یەکەم خولی ئەرکانی ئەو زانکۆیە بوو کە وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەری تێدا هەبێت
رائید ئاری ئەکرەم عەلی گوتی: "دوو مانگ لە خولی ئامادەکردنی پێشوەختە له پەیمانگای بەرگری بۆ زمان بووم، لە ویلایەتی تێکساس، کە وەکو ئامادەکاری بوو بۆ کۆلێژی ئەرکان."
ئەو ئەفسەرە کوردە روونیکردەوە، "کۆلێژەکە دوو جۆر بڕوانامەی ماستەر پێشکەشدەکات، یەکەمیان ماستەری زانستی سەربازی (MMAS)، دووەم ماستەرە لە توێژینەوەی ئۆپەراسیۆنەکان( (MOS Masters of Operational studie کە بەندە بڕوانامەی ئەمەی دووەمیانم بەدەستهێناوە."
بە گوتەی ئەو ئەفسەرە کوردە، هەموو ئەفسەرێکی ئەمریکی لەپلەی نەقیب و رائید دەبێت ئەم کۆلێژە تەواو بکەن، ئەو دەڵێت: "ئەمە یەکەم دەرفەت بوو بۆ کوردستان و بەندە وەک یەکەم ئەفسەری کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریم تێداکرد."
خوێندکارەکان بەسەرچەند پۆلێکدا دابەشبوون، هەر پۆلێک 15 ئەمریکی و یەک یان دوو ئەفسەری بیانی تێدابووە، پرۆگرامەکانی کۆلێژەکەش بریتی بوون لە: بناخەکانی توێژینەوەی ستراتیژی، توێژینەوەی ئۆپەراسیۆن، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا، بەڕێوەبردنی سوپا، سەرهەڵدانی رێگەی جەنگی رۆژئاوا، سەرکردایەتی دروستکردنی سەرکەوتن لەکاتە نادیارەکان.
زانکۆی سەربازیی (CGSC Command and Ceneral Staff College) دەکەوێتە شاری فۆرت لیڤنوێرسی ویلایەتی کەنساسی ئەمریکا؛ ساڵی 1881 دامەزراوە، لە ساڵی 1894 یەکەم ئەفسەری لە دەرەوەی سوپای ئەمریکا وەرگرتووە.
زانكۆی بەرگری نیشتیمانی له ئهمهریكا یهكێكه له زانكۆ پێشكهوتووهكانی جیهان كه ساڵانه له هەموو جیهان ئهفسهران وهردهگرێت و ئامانجی سهرهكی بریتییه له پێگهیاندنی ئهفسهران بۆ سهركردایهتی، ئهركان، تاكتیكی سوپا و سیستەمی دیجیتاڵی سهربازیی و فهرماندهیی بۆ هەموو قۆناخهكانی هێرش و بهرگریی و وردهكاری دیکەی جەنگی و تاکتیکی سەربازیی لە ئۆپراسیۆنەکاندا کە پێویستە ئهفسهری پێگهیشتوو پێیان ئاشنا بێت.
رائید ئاری ئەکرەم عەلی، لەساڵی 1987 لە کەرکووک لەدایکبووە، لە ساڵی 2009 بەکالۆریۆسی لە زانستی سەربازیی کۆلێژی سەربازیی سێ لە قەلاچوالان تەواوکرووە، ساڵی 2015 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و دیبلۆماسیی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2024یش بڕوانامەی ماستەری لە ئەمریکا بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ