رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی شەڕی دوو ساڵەی سوودان 13 ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە ئاوارە و پەنابەر بوون.
رۆژی دووشەممە 14ی نیسانی 2025، عەبدولرەئووف گنۆن کوندە، بەرپرسی هەرێمی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقیا رایگەیاند، "ژنان و منداڵان لە سوودان قوربانی سەرەکی قەیرانی بەردەوامی ئەو وڵاتەن؛ ژمارەیەکی زۆری ژنان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر".
لە نێوەڕاستی نیسانی 2023وە شەڕێکی نێوخۆیی قورس هەڵگیرساوە لە نێوان سوپای سوودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پاڵپشتی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد دەگەلۆ ناسراو بە " حمێدیتی" کە پێشتر جێگری بورهان بوو.
عەبدولرەئووف دەڵێت: "بە گوێرەی راپۆرتەکانی بەردەستمان شەڕی دوو ساڵەی سوودان زیاتر لە 13 ملیۆن ئاوارە و پەناخوازی لە نێویاندا ژن و منداڵی لێ کەوتووەتەوە." ئەوەش دەکاتە نزیکەی 30٪ـی کۆی دانیشتووانە 48 ملیۆنییەکەی.
لە دوای سەردانێكی مەیدانی بۆ سوودان و لە چاوپێکەوتنێكی میدیایی لە شاری داکار، پایتەختی سێنیگال لە رۆژئاوای ئەفریقیا، عەبدولرەئووف گوتی "لەو 13 ملیۆن کەسە، 8.6 ملیۆنیان ئاوارەن و 3.8 ملیۆنیشیان لە وڵاتانی دەرەوەبەری سوودان پەناخوازن؛ زۆربەیان ژن و منداڵن کە ژمارەیان بە سەرووی 11 ملیۆن و 440 هەزار دادەنرێت."
شەڕی سوودان، بووەهۆی دابەشکردنی ئەو وڵاتە کە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقیایە لە رووی رووبەرەوە؛ سوپا کۆنترۆڵی خەرتوومی پایتەخت و رۆژهەڵات و باکووری وڵات دەکات و زۆربەی هەرێمی دارفۆر و بەشێک لە باشووری سوودانیش بە دەست هێزەکانی پاڵپشتی خێرایە.
هەردوولا یەکدی بە پێشێلکاری، کوشتن، بێسەروشوێنکردن، زیندان و ئەشکەنجەدانی لایەنگرانی یەکدی، تۆمەتبار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ