یەکێتیی ئەوروپا پێدانی ڤیزەی شنگن دەکاتە ئەلیکترۆنی

13-11-2023
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا رایدەگەیێنێت لە ماوەیەکی نزیکدا خزمەتگوزاریی پێدانی ڤیزەی شنگن دەکرێتە ئەلیکترۆنی و خەڵک دەتوانن بە ئۆنلاین داوای ڤیزە بکەن، بەڵام ئەو بڕیارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە یەکەمجاریانە داواکاریی وەرگرتنی ڤیزە پێشکێش دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2023، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریاندا بۆ لەمەودوا ئەوانەی داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن پێشکێش دەکەن، دەبێت بچنە سەر پێگە ئەلیکترۆنییەکانی یەکێتییەکە و لەوێ داواکاری پێشکێش بکەن.
 
بەپێی ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەوروپا، چیدی پێویست ناکات خەڵک لە کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی شنگن نۆرە بگرن، یان پەنا بۆ نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی تایبەت بە وەرگرتنی ڤیزە ببەن، هەروەها ''ستیکەری ڤیزە لەسەر پاسپۆرتەکانیان نادرێت".
 
ئەو گۆڕانکارییە کە یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرای کردووە، لە دوای پرۆسەیەکی دوور و درێژی یاسایی، لە دوای کارکردن لەسەر رێکارە تەکنیکییەکان لەسەر پێگە ئەلیکترۆنییەکە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن، پێشبینیدەکرێت چەند مانگێک بخایەنێت و دواتر لە رۆژنامەی فەرمیی یەکێتیی ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
لە کۆی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا، ڤیزەی شنگن 23 وڵاتیان دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دراوسێی یەکێتیی ئەوروپان، بەڵام بەشێک نین لە یەکێتییەکە، ئەوانیش بریتین لە سویسرا، نەرویج، ئایسلاند و لیشنشتاین.
 
فێرناردۆ گراندی، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا کە ئێستا وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، دەڵێت، ''سیستمی ڤیزەی ئەلیکترۆنی کارئاسانی بۆ گەشتیاران دەکات''.
 
لەگەڵ جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، ئەو کەسانەی لە رێگەی ماڵپەڕەکەوە داواکاری بۆ مانەوەی کاتی لە ناوچەی شنگن پێشکێش دەکەن؛ سەرجەم زانیارییە کەسییەکان و بەڵگەنامەکانی گەشتکردن بە ئۆنڵاین دەخەنە نێو سیستمەکەوە، پاشان پارەی ڤیزەکەش بە ئۆنڵاین دەدەن کە هەموو ئەمانەش لە رێگەی پێگە ئەلیکترۆنییەکەوە دەکرێت. 
 
پاشان پشکنینی بەڵگەنامەکان دەکرێت و لەدوای پەسندکردنی داواکارییەکە،  داواکار بارکۆدێکی بۆ دێتەوە سەر مۆبایلەکەی و دەتوانێت چاپی بکات یان لەسەر مۆبایلەکەی هەڵیبگرێت.
 
ئەم سیستمە نوێیە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە یەکەم جاریانە داوای ڤیزەی شنگن دەکەن، یان پاسپۆرتەکانیان نوێیە و گۆڕانکارییان لە بەڵگەنامەکانیاندا کردووە و پێویستیان بە چوونە کۆنسوڵخانەکان و رێکارەکانی رابردوو دەبێت.
 
هەندێک وڵات، وەکو ئوسترالیا سیستمی هاوشێوەیان هەیە، وەرگرتنی ڤیزە لە رێگەی ئینتەرنێتەوەیە و پێویستی بە ستیکەری سەر پاسپۆرتەکە نییە.
 
لە زۆربەی بارەکاندا، هاووڵاتییانی نزیکەی 60 وڵات لە جیهاندا پێویستییان بە وەرگرتنی ڤیزەی شنگن نییە بۆ سەردانی کورتمەودا لەوانە ئوسترالیا، بەریتانیا، کەنەدا، نیوزلاند و ئەمریکا، بەڵام پێویستە ئەوانیش لە رێگەی پێگە ئەلیکترۆنییەکان داواکاری پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمی زانیاریی گەشتکردن و مۆڵەتدانی یەکێتیی ئەوروپا مۆڵەت وەربگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دوای لافاوەکەی ئەفغانستان. وێنە: AFP

لە ئەفغانستان بەهۆی زریان و لافاو 35 کەس گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی ئەفغانستان دەڵێن، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە و لانیکەم 35 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکە 230 کەسی دیکەش بریندار بوون.