ئەڵمانیا پێنج ملیۆن دۆلاری داوەتە گرووپێکی "تیرۆریستی"

12-12-2014
هەرمان خالید
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو- رۆژنامەی وەتەن

ئەمیری گرووپێکی چەکداریی جەزائیری رایگەیاندووە، ئەڵمانیا پێنج ملیۆن دۆلاری داوەتە گرووپەکەیان، لەبەرامبەر ئازادکردنی نۆ کەسی ئەڵمانی.

عەماری سەفایری (ئەبو حەیدەر)، ئەمیری پێشووی گرووپی تاریقی کوڕی زیادی، لە دەزگای هەواڵگری جەزائیری دانی بەوەدا ناوە، کە گرووپەکەیان لەبەرامبەر ئازادکردنی 14 رفێنراو، کە نۆ ئەڵمانی، چوار سویسری و هۆڵەندییەک بوون، بڕی پێنج ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرگرتووە.

ئەو 14 رفێنراوە بەشێک بوون لە 32 گەشتیاری ئەوروپی رفێنراو لە باشووری جەزائیر، کە دوای رفاندنیان لە ساڵی 2003، سوپای جەزائیر توانی 18ـیان رزگار بکات و 14 کەسەکەی دیکەش، لەلایەن گرووپەکەوە لە ترسی راوەدوونانی سوپای جەزائیر، برابوونە باکووری مالی و لە مانگی ئابی 2003 بە پێنج ملیۆن دۆلار ئازادکران.

ئەبو حەیدەر لە دانپێدانانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان بە پارەکە، کە وەک "فیدیە" لە ئەڵمانیایان وەرگرت، چەک و تەقەمەنییان لە مالی و نەیجیریا کڕیوە.

عەماری سایفی، کە دواتر بەرەو چاد هەڵاتبوو، بەنێوەندگیری موعەممەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا، وڵاتی چاد لە ساڵی 2004 رادەستی جەزائیری کردبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگایی نەکرابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە