رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی عومران بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رایدەگەیێنێت، زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا لەسەر شێوازێکی لامەرکەزی بۆ حوکمڕانیی داهاتووی وڵات هاوڕان. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتەیە و کۆمەڵگەی سووریا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پرسی کورددا نییە، بەڵکو ئەوەی هەبووە "شۆڤێنیزمی رژێمی بەعس" بووە کە مافەکانی زەوت کردبوون.
د. عەممار قەحف، سەرۆکی ناوەندی عومران بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر داهاتووی سیاسیی سووریا، شێوازی حوکمڕانی، چارەنووسی پارێزگای سوەیدا و مافەکانی گەلی کورد.
"گەشبینم بە داهاتووی سووریا"
لە دەستپێکی هەڤپەیڤینەکەدا، د. عەممار قەحف ئاماژەی بەوە کرد کە بە وریاییەوە گەشبینە بە داهاتووی سووریا و گوتی: "دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشوو، ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زۆرمان لەپێشە، بەڵام توانیمان ئاستەنگە سیاسییە گەورەکان تێپەڕێنین، لەوانە هەڵگرتنی سزاکان و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، عەرەبی و ئیسلامی."
سەبارەت بە دیموکراسی و فرەیی، قەحف باسی لەوە کرد کە پانتاییەکی فراوانی ئازادیی دەربڕین دروست بووە و هیچ هێزێک ناتوانێت جارێکی دیکە گەلی سووریا سەرکوت بکاتەوە، تەنانەت ناسنامەی ئیسلامیی ئێستاش ناسنامەیەکی واقیعی و پراگماتیکە و دان بە فرەیی کولتووریی وڵاتدا دەنێت.
لامەرکەزییەت و ناوەندێکی بەهێز
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و ئەنجامی گفتوگۆکانی ناوەندەکەیان لە پارێزگاکانی وەک حەلەب، قامیشلۆ، حومس، حەما و لازقییە، قەحف روونیکردەوە کە هیچ مۆدێلێکی پێشوەختە و ئامادەکراوی دەرەکی بۆ سووریا ناشێت.
سەرۆکی ناوەندی عومران گوتی: "هاوڕاییەک لە نێوان سوورییەکان و تەنانەت لەنێو حکومەتیشدا هەیە، کە دەسەڵات لامەرکەزی بێت؛ بە جۆرێک ناوەندێکی بەهێز بۆ بڕیارە سیادی و ئەمنییەکان هەبێت، هاوکات ئیدارە خۆجێییەکان بەهێز و خاوەن دەسەڵات بن."
ئەو پێیوایە هاووڵاتی دەیەوێت بڕیار لە ناوچەکەی خۆی بێت، بۆ نموونە پرسی پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی یان تورکمانی و هەروەها داهاتی سامانی نەوت و گاز لە پارێزگاکانی دێرەزۆر و حەسەکە، پێویستە بەشێکی سەرەکیی بۆ بووژاندنەوە و رەخساندنی هەلی کار بۆ دانیشتووانی ناوچەکە بێت، نەک هەمووی بچێتە دیمەشق.
دۆسیەی سوەیدا و دادپەروەری
دەربارەی پارێزگای سوەیدا، د. عەممار قەحف جەختی کردەوە کە "سوەیدا لە دڵی سووریادایە و بەشێکی دانەبڕاوە." قەحف ئاماژەی بەوە کرد پێویستە لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بوونە هۆی خوێنڕشتن لەو پارێزگایە و متمانە سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە، دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە سوەیداش بدرێت وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی سووریا.
"کورد خەڵکی نامۆ نین و پێکهاتەیەکی رەسەنن"
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، د. عەممار قەحف باسی لە پرسی کورد وەک دووەم گەورەترین نەتەوە لە وڵاتدا کرد و گوتی: "کۆمەڵگەی سووریا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە. کورد خەڵکی نامۆ نین، بەڵکو پێکهاتەیەکی مێژوویی و رەسەنی ئەم وڵاتەن. رژێمی بەعس لە رێگەی شۆڤێنیزمەوە وشەی 'بێگانە'ـی بەسەریاندا سەپاند و مافی زمان، کولتوور و هاووڵاتیبوونی لێ زەوت کردن."
سەبارەت بە گەرەنتییە دەستوورییەکان بۆ مافەکانی گەلی کورد، سەرۆکی ناوەندی عومران رایگەیاند کە پێویستە گەرەنتیی یاسایی و دەستووری بۆ پاراستنی مافی کولتووری و زمانی هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "یاسا و دەستوور تەنیا وەک ئێسکەپەیکەرن؛ ئەوەی گرنگە دروستکردنەوەی متمانە و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و پێکهاتەکانە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، چونکە بە متمانە زۆر کێشە چارەسەر دەبن."



