نرخی هەر بیتکۆینێک بە زیاتر لە 80 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، د. ترەیدەر دەڵێت، نرخی بیتکۆین زیاتر دادەبەزێت.
رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 20265، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح شرۆڤەی نرخی بازاڕە داراییەکانی کرد و رایگەیاند، بیتکۆین هاوشێوەی زۆربەی بازاڕەکانی دیکە نادڵنیایی تێدا دروست بووە و چاوەڕێی بڕیارەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا دەکات.
بڕیارە 28ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندی ئەمریکا بڕیاری نوێی لەبارەی سوودی بانکی رابگەیێنیت.
د. ترەیدەر پێشبینی کرد، لە ئەگەرەکانی بەرزکردنەوە یان دەستکارینەکردنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە نرخی بیتکۆین زیاتر دابەزێت و گوتی،" تەنیا ئەگەر سوودی بانکی دابەزێنرێت نرخی بتکۆین بەرز دەبێتەوە، کە ئەوەیش ئەگەرێکی دوورە".
نرخی بیتکین ئەمڕۆ یەکشەممە نزیکەی 400 دۆلار بەرزبووەوە و یەک بیتکۆین بە 80 هەزار و 820 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە چارتی پێنج کاژێریدا، نرخی بیتکۆین لەنێوان مەودای 80,500 بۆ 85,000 دۆلاردا ماوەتەوە و جووڵەیەکی کەمی هەیە. تائەو کاتەشی نرخ لە خوار 83,052 دۆلارەوە بمێنێتەوە، فرۆشیاران کۆنترۆڵی رەوتی بازاڕیان لەدەستدا دەبێت.
لە ئەگەری شکاندنی ئاستی پاڵپشتیی 80,500 دۆلار بۆ خوارەوە، پێشبینی دەکرێت نرخ بەرەو 77,781 دۆلار پاشەکشە بکات، بەڵام هەڵبەزینەوەی نرخ لەو ئاستەدا، دەکرێت ببێتە سەرەتای شەپۆلێکی کورتخایەنی بەرزبوونەوە و هێوربوونەوەی بازاڕ.
د. ترەیدەر لە بارەی داهاتووی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە جیهانەی دروست بووە، بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرەو دابەزین دەچن.
بەپێی پلاتفۆڕمی (پلوانگ) تایبەت بە مامەڵەی دراوی دیجیتاڵی و بازاڕە داراییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، هەژمارێکی نەناسراوی دراوە دیجیتاڵییەکان، مامەڵەیەکی فرۆشتنی بیتکۆینی بە بەهای نزیکەی 1.56 ملیۆن دۆلار داخست و لە هەمان کاتدا گرێبەستێکی کڕینی بە بەهای نزیکەی 3.09 ملیۆن دۆلار کردەوە.
نرخی داخرانی گرێبەستی پێشوو 80,822 دۆلار بووە، لە کاتێکدا نرخی کردنەوەی گرێبەستە نوێیەکە کەمێک نزمتر بووە لە 80,765 دۆلار.



