رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا دەڵێت، 50 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بە زۆر کاریان پێدەکرێت یانیش بە زۆر هاوسەرگیرییان پێدەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2022 نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی لەبارەی "کۆیلایەتیی مۆدێرن و هاوسەرگیریی بەزۆر" باس لەوە دەکات، ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2030 هەموو شێوازەکانی کۆیلایەتی نەهێڵن، بەڵام وەک لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، لە نێوان ساڵەکانی 2016 تاوەکو 2021 ژمارەی کەیسەکانی کارپێکردن و هاوسەرگیریی بەزۆر، 10 ملیۆن زیادیان کردووە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن ئاژانسەکانی کار و کۆچبەرێتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دامەزراوەی وۆک فری ئەنجامدراوە و ئاماژە بەوە کراوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە سەرتاسەری جیهاندا، 28 ملیۆن کەس کرێکاریی زۆرەملێیان پێکراوە و 22 ملیۆن کەسی دیکەش هاوسەرگیریی زۆرەملێیان پێکراوە. ئەوەش وەکو راپۆرتەکە دەڵێت، واتای ئەوەیە کە لە هەر 150 کەسدا، کەسێک لە جیهاندا "کۆیلایەتیی مۆدێرنی" پێکراوە.
گای رایدەر، سەرۆکی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا دوای راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "جێگەی سەرسوڕمانە کە دۆخی کۆیلایەتیی مۆدێرن بەرەو باشبوون ناڕوات". دەشڵێت هیچ شتێک نییە بتوانێت پاساو بۆ "ئەم پێشێلکارییەی مافەکانی مرۆڤ بهێنێتەوە".
"هاوسەرگیری زۆرەملێی تاهەتایی"
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆرۆنا بووەتە هۆی خراپترکردنی دۆخەکە و زیادبوونی ئاستی قەرز بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت "مەترسییەکەی" زیاتر کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، کۆرۆنا لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی رێژەیەکی "بێوێنەی بێکاری و نەخوێندەواری و بوونەتە هۆی هەژاری تووند و کۆچی ناسەلامەت".
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی کە ئەمە کێشەیەکی دوورمەودایە و وا دەخەمڵێنێت کە کرێکاری زۆرەملێ دەکرێت "بۆ ماوەی چەند ساڵێک و هاوسەرگریی زۆرەملێش بۆ تاهەتایە بمێنێتەوە". هاوکات، باس لەوەش دەکات کە ژنان و منداڵان لەم پرسەدا پشکی شێریان بەرکەوتووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، لەنێو هەر پێنج کەسدا کە کرێکاری زۆرەملێیان پێدەکرێت، کەسێکیان منداڵە. دەشڵێت، زیاتر لە نیوەشیان لە "بازرگانیی سێکسیدا" بەکاردەهێندرێن.
هاوکات، راپۆرتەکە دەریشی دەخات کە کرێکارانی کۆچبەر زیاتر لە سێ ئەوەندەی کرێکارانی نا کۆچبەر زیاتر رووبەڕووی کرێکاریی زۆرەملێ دەبنەوە.
ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرینۆ، سەرۆکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش دەڵێت: "ئەم راپۆرتە پێویستیی ئەوە دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەینەوە کە کۆچبەرێتیی سەلامەت و رێکخراوە".
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆیلایەتیی مۆدێرن لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا بوونی هەیە و نیوەی هەموو کەیسەکانی کرێکاری زۆرەملێ و چارەکێکی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە وڵاتانی مامناوەند و داهات بەرزدایە.
راپۆرتەکە ئەوەش پێشاندەدات کە لە ساڵی 2016ـەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 ژمارەی ئەوانەی هاوسەرگیریی زۆرەملێیان پێدەکرێت بۆ 6.6 ملیۆن زیادیکردووە.
سەرنجێک لەسەر چین
بەپێی راپۆرتەکە، لە چین ژمارەی ئەو کەسانەی کە رووبەڕووی کرێکاریی زۆرەملێ بوونەتەوە لە هەمان ئەو کاتەدا، بۆ 2.7 ملیۆن بەرزبووەتەوە.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەرزبوونەوەکە بەهۆی کرێکاری زۆرەملێ لە کەرتی ئابووریی تایبەتدا، لەنێویدا "بەکارهێنانی ئەو کەسانە لە بازرگانیی سێکسیدا" زیادیکردووە. 14٪ـی ئەوانەی کرێکاری زۆرەملێیان پێدەکرێت، ئەو کارانە دەکەن کە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە بەسەریاندا دەسەپێندرێت. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لەبارەی کرێکاریی بە زۆر لە زیندانەکانی ژمارەیەک وڵاتاندا دەردەبڕێت، لەنێویدا ئەمریکا.
ئاماژەشی بە نیگەرانییەکانی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات لەبارەی "کرێکاریی زۆرەملێ لە کۆریای باکوور".
جگە لەوەش، باس لە بارودۆخەکە لە چین دەکات کە ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە کرێکاریی زۆرەملێ دەدەن، لەنێویدا، لە هەرێمی ژینگژیانگ کە پەکین بە بەندکردنی سەروو یەک ملیۆن موسڵمانی ئیگۆر و کەمینە نەتەوەکانی دیکە تۆمەتبار دەکرێت.
بەڵام پەکین، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تەنیا ناوەندی راهێنان دەکاتەوە بۆ ئەوەی "تووندڕۆیی نەهێڵێت".
رۆژی 31ـی ئابی 2022 نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی موسڵمانانی ئیگۆر لە چین بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو کەمینە ئایینییەی وڵاتەکە ناچار بە کرێکاری زۆرەملێ دەکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و دەچەوسێندرێنەوە.
لە راپۆرتەکەی رۆژی دووشەممەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە هەوڵێکی چین لە مانگی رابردوو دەکات بۆ "کارکردنی حکومەت لەگەڵ هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکان" بۆ ئەوەی بەرەنگاری کرێکاری زۆرەملێ ببنەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
