ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان "10% زیاددەکات"

11-05-2017
محەممەد هادی
شۆڤەکاران: کێشەی کێڵگەی تەقتەق لە کێڵگەکانی دیکە دووبارەنەبووەتەوە
شۆڤەکاران: کێشەی کێڵگەی تەقتەق لە کێڵگەکانی دیکە دووبارەنەبووەتەوە
نیشانەکردن نەوت تەقتەق
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی لە راپۆرتەکانیدا کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی کێڵگەی تەقتەقی راگەیاند، بەڵام شرۆڤەکارانی بواری وزە و بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان دەڵێن، ناکرێت بەهۆی کێڵگەی تەقتەوە بڕیاری لەسەر هەموو کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بدرێت. کۆمپانیای راوێژکاری ریستارد ئێنێرجی پێشبینیدەکات، بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان لەمساڵدا بەڕێژەی %10 بەرزببێتەوە. 

کاتێک لە مانگی 3ی ئەمساڵ کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی، یەکێک لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، قەبارەی نەوتی کێڵگەی تەقتەقی دابەزاند، نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی ئابووریی هەرێمی کوردستان قووڵبوونەوە. بەڵام بەگوتەی شارەزایانی نەوت، هێشتا زووە بڕیار لە داهاتووی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بدرێت.

سایمۆن هاتفێڵد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، کە کۆمپانیاکەی لە دوو بلۆکی گەرمیان و کوردەمیر کاردەکات و کێڵگەکانی لەگەڵ یەک جیاوازیان هەیە، دەڵێت "چیرۆکی تەقتەق زۆر ناخۆشە، هەموومانی نیگەرانکرد. هەموو کەسێک دەڵێت ئێستا لە کوردستان جگە لە مەترسی سەرزەوی، مەترسی ژێرزەویش هەیە. بەڵام لە هەموو کوردستان بەو شێوەیە نییە".

مایکڵ نایت، شرۆڤەکاری ئەنیستیتۆی واشنتۆن دەڵێت، کێشەی کێڵگەی تەقتەق لە هیچ شوێنێکی دیکەی کوردستان دووبارەنەبووەتەوە.

نایت جەخت لەوە دەکاتەوە کێڵگەی تەقتەق "کێشەیەکی گەورەیە"، بەڵام لە هەندێ کێڵگەی دیکەی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت زیاددەکات و دەتوانێت قەرەبووی زیانەکانی تەقتەق بکاتەوە.

کۆمپانیای راوێژکاری "ریستارد ئێنێرجی" پێشبینیکردووە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا بەڕێژەی 10% بەرزبێتەوە بۆ رۆژانە 602 هەزار بەرمیل.

لین مۆریس، شارەزای کۆمپانیای ود مەکێنزییش لەو بارەیەوە دەڵێت، ناکرێ بە تەنیا یەک کێلگە بە نموونە لەبەرچاوبگیرێت و بڕیار لەسەر هەموو کەرتی نەوتی کوردستان بدرێت.

کۆمپانیای ود مەکێنزی دەڵێت، جگە لە کێلگەی ئەترووش، کە بەمزووانە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکات، کۆمپانیاکانی دیکەی وەک وێستێرن زاگرۆس و کۆمپانیای نیو ئێج ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان زیاد دەکەن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە