رووداو - دیجیتاڵ
لانیکەم 11 وڵاتی ئەورووپا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی بوونەوە کە سیستمی ساردکەرەوەی مارکێت و فرۆشگەکانی خۆراکی کردە ئامانج، ئەمەش بووەهۆی تێکچوونی بڕێکی زۆر لە خۆراک و یەکێتیی ئەورووپاش هۆشداری لە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ تێکدانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک لە کیشوەرەکە دەدات.
رۆژی سێشەممە 03-11-2026، هەریەکە لە ئەڵمانیا، رۆمانیا و بەریتانیا چوونە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر سیستمی ساردکەرەوەی سوپەرمارکێتەکان زیانیان بەرکەوتووە. تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشەکان نەزانراوە و هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتیی خۆی رانەگەیاندووە.
تۆماس رێنیێر، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، دەزگاکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتان لە پەیوەندیدان بۆ داڕشتنی وەڵامێکی هاوبەش و گوتیشی: "ئەم هێرشانە رووداوی جیاواز نین و دەبێت پێکەوە ئامادەییمان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان هەبێت."
کریستۆف هانسن، کۆمیسیاری خۆراک و کشتوکاڵی یەکێتیی ئەورووپاش پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمە هەوڵێکی بە مەبەستە بۆ پەکخستنی دابینکردنی خۆراک.
لە ئیتاڵیا، حکومەت کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئاژانسی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کرد. هەرچەندە بەرپرسانی ئیتاڵیا زیانەکانیان بە "سنووردار" ناوبرد و رایانگەیاند، هێرشەکان ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە سیستمی ئەمنیی کۆنیان بەکارهێناوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی 20 فرۆشگە لە سەرانسەری وڵاتەکە زیانیان بەرکەوتووە و لە دوورگەی سیسیلی بەهۆی لەکارکەوتنی ساردکەرەوەکانەوە بایی هەزاران یۆرۆ خۆراک فڕێدراوە.
لە بەریتانیاش هێرشەکان کێشەی بۆ کەرتی خۆراک دروستکرد. ریچارد هۆرن، بەرپرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر تەواوی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک داناوە.
لە بەلجیکاش، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، دەیان فرۆشگە لەکارکەوتنی ساردکەرەوەکانیان تۆمارکردووە و داواکاری گشتیی فیدراڵیی وڵاتەکە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
لە ئەڵمانیا چوار فرۆشگە و لە رۆمانیاش شەش فرۆشگە رووبەڕووی هێرشەکە بوونەوە. دان سیمپیان، بەڕێوەبەری دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە رۆمانیا رایگەیاند، شێوازی هێرشەکە تاڕادەیەک ناپیشەییانە و ناشارەزایانە بووە و گومانی ئەوە ناکەن لەلایەن وڵاتێکەوە کرابێت.
لە سوێدیش حەوت لقی سوپەرمارکێتی کۆئۆپ زیانیان بەرکەوتووە.



