رووداو - دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا بەردەوامە و ملیۆنان هاووڵاتی دەنگیان داوە. ئەم هەڵبژاردنە وەک گشتپرسییەک لەسەر کاری دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێ و دووریش نییە ئەنجامەکەی بەجۆرێک بێ دیموکراتەکان لە کۆنگرێس ببنە زۆرینە.
راپرسییەکان پێشبینی دەکەن دیموکراتەکان دەتوانن زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ببەنەوە و ئەگەری هەیە ئەنجوومەنی پیرانیش کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایەتیی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، هەڵاوسان بەهۆی کاریگەریی جەنگ لەگەڵ ئێران.
لەدەستدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن کۆمارییەکانەوە دەسەڵات دەداتە دیموکراتەکان رێگری لە کارنامەی یاسادانانی ترەمپ بکەن و بتوانن لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لە ئیدارەکەی دەستپێبکەن.
هەروەها شکستی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران، هەڕەشە لە دەسەڵاتی ترەمپ دەکات لە دانانی دادوەرانی دادگەی باڵا و بەرپرسانی باڵای فیدراڵی، کە ئەوەش نیشانەیەکە بۆ لاوازبوونی هەژموونی ترەمپ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکادا.
دۆناڵد ترەمپی تەمەن 80 ساڵ، سێشەممە 03-11-2026 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز بەرگری لە کارەکانی کرد و رایگەیاند، لە رێگەی رێکارە تووندەکانی دژی کۆچبەران، جەنگ لەگەڵ ئێران و سەپاندنی پێناسی گومرگی، وڵاتەکەی سەرلەنوێ بنیاتناوەتەوە و گوتیشی: "پێویستە ئەمریکا بە مەزنی بهێڵینەوە. ئێمە ئێستا مەزنین، لە کاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر دۆخمان زۆر خراپ بوو."
لە کێبڕکێی ئەم خولەدا، سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و پۆستی حاکمی 36 ویلایەت یەکلایی دەکرێنەوە.
ئێستا کۆمارییەکان بە 53 کورسی بەرامبەر 47 کورسی خاوەنی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانن. دیموکراتەکانیش تەنیا پێویستیان بە بەدەستهێنانی چوار کورسیی دیکەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیران تاوەکو کۆنترۆڵی تەواوی کۆنگرێس بکەن.
لە دوایین گوتاری بانگەشەکەیدا، ترەمپ بە کەمی باسی لە هەڵبژاردن کرد و زۆربەی قسەکانی لەبارەی کێشەکانی نۆژەنکردنەوەی حەوزی بەردەم مۆنیومێنتی لینکن بوو لە واشنتن، کە ئەوەش لەلایەن چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران وەک "پەیامێکی کۆتایی بێهێز و بەزەییپێداهاتوو" باسکرا.
ململانێی تووند لە ویلایەتەکانی وەک کانساس، تێکساس، ئایوا، ئۆهایۆ و ئەلاسکا لە رۆژانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر بوو. لە میشیگنیش دابەشبوونێکی نێوخۆیی لەنێو دیموکراتەکان روویدا کاتێک هایلی ستیڤنس، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی دیموکرات، پشتیوانیی خۆی بۆ مایک رۆجەرزی کۆماری راگەیاند دژی عەبدولسەیدی بەربژێری دیموکراتەکان.
بەپێی دوایین راپرسییەکان، پێشبینی دەکرێ دیموکراتەکان 241 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران ببەنەوە بەرامبەر 194 کورسی بۆ کۆمارییەکان، هەروەها لە ئەنجوومەنی پیرانیش پێشبینی دەکرێ دیموکراتەکان بە 52 کورسی بەرامبەر 48 کورسی زۆرینە بەدەستبهێنن.
زیاتر لە 57 ملیۆن دەنگدەر پێش ئەمڕۆ دەنگیان دابوو، خەرجیی ریکلامی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار و ئیلۆن مەسک، ملیاردێری هاوپەیمانی ترەمپ، سەتان ملیۆن دۆلاری بۆ بانگەشەی کۆمارییەکان تەرخان کرد.
هاوکات نیگەرانی هەیە لەوەی کۆمارییەکان ئەنجامەکان رەتبکەنەوە. لە ویلایەتی نیویۆرک بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان لە چەند ناوچەیەک، چالاکڤانانی باڵی راستڕۆ تۆمەتی ساختەکارییان بڵاوکردەوە، هەرچەندە بەرپرسانی هەڵبژاردن دووپاتیانکردەوە کە هەموو دەنگەکان دەژمێردرێن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتر داوای یاسایی تۆمارکردبوو بۆ رێگریکردن لە پەسندکردنی ئەنجامەکانی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئەلاسکا، ئەگەر دان سوڵیڤانی کۆماری بدۆڕێ، بەڵام دادگە داواکەی رەتکردەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە، جگە لە دان سوڵیڤانی کۆماری، بەربژێرێکی دیکەی سەربەخۆ بەناوی دان سوڵیڤان چووەتە نێو کێبڕکێکە و پارتی کۆماری دەڵێ، ئەوە دەستی دیموکراتەکانی لەپشتە بۆ کەمکردنەوەی دەنگی ئەوان.
دۆناڵد ترەمپ کە لە کۆشکی سپییەوە چاودێریی ئەنجامەکان دەکات، هەڕەشەی کردووە ئەگەر کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەدەست بدات، رێگە لە ئەجێندای دیموکراتەکان دەگرێ و رۆژی سێشەممە گوتی: "هەموو شتێک ڤیتۆ دەکەم."



