وادیارە شێوەی گەردوون لە سەرەتادا وەک مۆز بووبێت

08-01-2024
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی گەردوونناسی، شێوەی سەرەتایی گەلەئەستێرەکانی نێو گەردوون قەوس و درێژکۆلە بوون، بە تێگەیشتنی مرۆڤ دەتوانین بڵێین، "لە مۆز چوون".
 
سەرەتا رای گەردوونناسان وابوو، کە مادام ئەستێرە، هەسارە و مانگەکان بە زۆری گۆیین، کەواتە ئەگەری زۆرە گەلەئەستێرەکانیش هەروا بووبن، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە دەڵێت نەخێر، شێوەی سەرەتایی گەلەئەستێرەکان مۆزی بووە.
 
توێژینەوەکە لە رێگەی تەلەسکۆپی جەیمس وێب و لەسەر وێنەی نزیکەی چوار هەزار گەلەئەستێرە کراوە، کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی گەردوون.
 
گەلەئەستێرە چییە؟
 
گەلەئەستێرە ناوچەی گەردوونین، بۆ نموونە زەوییەکەی خۆمان لە ناوچەیەکی گەردوون هەڵکەوتووە کە بە مەبەستی ناسینەوە ناومان ناوە گەلەئەستێرەی رێگەی کاکێشان (Milky Way).
 
لەنێو ئەو گەردوونەی تاوەکو ئێستا توانیومانە بیبینین، سەرنجی نزیکەی دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە دراوە، کە هەر یەکێکیان تاوەکو ترلیۆنێک ئەستێرەیان تێدایە.
 
ڤیدیۆکە بکەوە و گەلەئەستێرەکەی خۆمان ببینە:
 

 

 
بۆچی شێوەی سەرەتایی گەلەئەستێرەکان گرنگە؟
 
بەدەستهێنانی هەر زانیارییەک لەبارەی سەرەتای دروستبوونی گەلەئەستێرەکانەوە، تێگەیشتنی مرۆڤ فراوانتر دەکات سەبارەت بەو گەردوونەی هەزاران ساڵە سەری لێی سووڕماوە.
 
زانینی شێوەی سەرەتایی گەلەئەستێرەکان روونیدەکاتەوە کە چۆن پەرەیانسەندووە و بۆ شێوەکانی دواتریان گۆڕاون، هەروەها رێگە خۆش دەکات بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لەبارەی مادەی تاریک.
 
تاوەکو ئێستا گەردوونناسان پێیانوایە، ئەو بەشە تاریکانەی گەردوون کە ناتوانین بیانبینین، بریتین لە مادەی تاریک و بەشە زۆرترەکەی گەردوون پێکدەهێنن.
 
تاوەکو ئێستا بۆ کەس روون نییە مادەی تاریک لە چی پێکهاتووە، بەڵام دەزانرێت کاریگەری گەورەی لەسەر دروستبوون، گەورەبوون، شێوە، سرووشت و رەفتاری گەلەئەستێرەکان هەیە.
 


کێ توێژینەوەکەی کردووە؟
 
ژمارەیەک زانا و توێژەری بواری گەردوون لە وێنەی چوار هەزار گەلەئەستێرەیان کۆڵیوەتەوە کە لەلایەن تەلەسکۆپی جەیمس وێبەوە گیراون. تەمەنی گەلەئەستێرەکان بۆ سەرەتای دروستبوونی گەردوون دەگەڕێتەوە.
 
جەیمس وێب پێشکەوتووترین تەلەسکۆپە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە رۆژی 25-12-2021 بەرەو بۆشایی ئاسمان ھەڵدرا، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 500 ھەزار کیلۆمەتر لە زەوی دوورکەوتووەتەوە.
 
لەنێو ھاوێنەکەی تەلەسکۆپی جەیمس وێب تەکنەلۆجیایەک ھەیە بە ھەستەوەری وردبینکار (Fine Guidance Sensor) ناسراوە، ئەو تەکنەلۆجییە ئەرکی تەرکیزکردنە سەر تەنەکانی بۆشاییە، بەجۆرێک کە ئەگەر توانای ئەو ھەستەوەرە بچوێنین بە چاوی مرۆڤ، وەکو ئەوە وایە کەسێک لە زاخۆ چاوتروکاندنی کەسێکی دیکە لە خانەقین (تاوەکو دووری 500 کیلۆمەتر) ببینێت.
 
ئامانجی سەرەکی لە ناردنی جەیمس وێب بریتیە لە ئاشکراکردنی وەڵامی ئەو پرسیارەی دەیان ھەزار ساڵە مرۆڤەکان بەدوای دەگەڕێن؛ سەرەتای گەردوون چۆن دروستبووە؟
 
ناسراوترین توێژەر د. ڤیراج پاندیایە لە زانکۆی کۆڵومبیای ئەمریکا کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە.
 
د. ڤیراج دەڵێت، "ئەنجامەکان سەرسووڕهێنەر و چاوەڕواننەکراون، لەمەودوا دەتوانین شێوەی سێ رەهەندی بۆ گەلەئەستێرەکان لە تەواوی گەردوون دروستبکەین".
 
هەروەها باس لەوە دەکات، توێژینەوەکە دەیسەلمێنێت، گەلەئەستێرەکەی خۆشمان، رێگەی کاکێشان، بە هەمان پرۆسەدا تێپەڕیوە و سەرەتا شێوەی مۆزی هەبووە.
 
توێژینەوەکە بە زوویی لە گۆڤاری زانستیی Astrophysical Journal بڵاودەکرێتەوە.
 

 
تەمەنی گەردوون چەندە؟
 
بەگوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەکان، تەمەنی ئەم گەردوونەی هەستی پێدەکەین و دەیبینین، بە نزیکەیی دەگەڕێتەوە بۆ 13.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر.
 
تەلەسکۆپی جەیمس وێب وا دیزاینکراوە کە تاوەکو نزیکی سەرەتای گەردوون (500 ملیۆن ساڵ دوای سەرەتا - تەقینەوە گەورەکە) وێنە دەگرێتەوە، ئەوەش یانی وێنەی گەلەئەستێرە لەمۆزچووەکان تازە نین، بەڵکو لە چاوی ئێمەدا وادەردەکەون، ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە شێوەیان لە راستیدا گۆڕاوە.
 
چۆن ئەمە دەزانین؟ گەلەئەستێرەکەی خۆشمان، رێگەی کاکێشان، تەمەنی 13.6 ملیار ساڵە، کەچی شێوەکەی لە مۆز ناچێت و گۆییەکی جاڵجاڵۆکەییە، بەڵام لەبەرئەوەی لێمانەوە دوور نییە، وێنە راستەقینەکەی دەبینین، نەک سەرەتای دروستبوونی.
 
نموونەیەکی دیکە بۆ گۆڕانی شێوەی گەلەئەستێرەکان
 
وێنەکەی خوارەوە تێکەڵبوونی دوو گەلەئەستێرەیە، ئەندرۆمیدا و ئارپ273. دراوسێی گەلەئەستێرەکەی خۆمانن و بە ھەردووکیان شێوەی گوڵێکیان دروستکردووە کە ناوی لێنراوە "گوڵی بۆشایی".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.