رووداو دیجیتاڵ
لەنێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، راپۆرتێکی نێودەوڵەتیی هۆشداریی توند لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەدات و رایدەگەیێنێت، "هیچ گەرەنتییەکی زانستی نییە ئەم تەکنەلۆژیایە لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا بمێنێتەوە."
رۆژی چوارشەممە، ئەنتۆنیۆ گوتێرەس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە دەیان زانا و براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئامادەیان کردووە. راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیریی دەستکرد هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر دیموکراسی و جیهان.
گوتێرەس لە کاتی بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەدا گوتی: "لە نەبوونی یاسای هاوبەشدا، تاوەکو ژیریی دەستکرد زیاتر بەرەو پێش بچێت، ئەنجامەکەی بەجۆرێک دەبێت کە حکومەتەکان و خەڵک دەنگیان تێیدا کەمتر دەبێت."
سێ ئەنجامی سەرەکیی راپۆرتەکە:
1. خێرایی لە رادەبەدەر: ئێستا هەفتانە زیاتر لە ملیارێک کەس ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن. توانا و کارامەیییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە هەموو چەند مانگێک دوو هێندە دەبن، چونکە ژیریی دەستکرد خۆی یارمەتیی پەرەپێدانی خۆی دەدات.
2. قۆرخکاریی تەکنەلۆژی: توانای ژیریی دەستکرد لە دەستی تەنیا چەند وڵاتێکی کەمدایە. ئەمریکا کۆنترۆڵی 75% و چین 15%ی بەهێزترین توانای کۆمپیوتەریی ژیریی دەستکردیان لە جیهاندا لایە؛ واتە 90%ی کۆی گشتیی تواناکە تەنیا لەلایەن دوو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت.
3. مەترسیی نەمانی کۆنترۆڵ: نووسەرانی راپۆرتەکە ئاشکرایان کردووە کە لە تاقیکردنەوەکاندا بینراوە سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد بەرگرییان لە کوژاندنەوەیان لەلایەن مرۆڤەوە کردووە. زانایان دەڵێن: "هیچ گەرەنتییەکی زانستی نییە ئەم تەکنەلۆژیایە لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدا بمێنێتەوە."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ژیریی دەستکرد ئەو "راستییە هاوبەشە" تێکدەدات کە دیموکراسییەکان پشتی پێدەبەستن. ماریا رەسا، رۆژنامەڤانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، لە وەڵامی پرسیارێکی نێردراوی رووداودا لە نیویۆرک، نیگەرانیی خۆی نیشاندا و گوتی: "کاتێک بە (خاشاکی ژەهراوی) و زانیاریی چەواشە بۆمباران دەکرێین، بێگومان کاریگەریی لەسەرمان دەبێت. ئێمە ئێستا لە نەوەی یەکەمی سۆشیاڵ میدیای ژیریی دەستکرددا دەژین کە کاریگەریی گەورەی لەسەر مرۆڤ و تەنانەت نەوەی داهاتوو و منداڵانیش دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، یۆشا بێنگیو، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پێشەنگی ژیریی دەستکرد، بە رووداوی راگەیاند، دەکرێت ژیریی دەستکرد بەجۆرێک پەرەپێ بدرێت کە جەخت لەسەر راستی و دروستیی زانیارییەکان بکاتەوە، بەڵام گوتیشی: "رەنگە ئەمە پڕقازانجترین رێگە نەبێت بۆ کۆمپانیاکان."
ئەم راپۆرتە کە ئێستا لە وێبسایتی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەستە، وەکو زەنگێکی مەترسی بۆ وڵاتانی جیهان دادەنرێت تاوەکو پێش ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەست بدەن، یاسا و رێسای توند بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە دابنێن.

.jpg&w=3840&q=75)