لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کردنەوەی خولێکی وەرزشی لە ئیسرائیل، سارا نەتەنیاهوو، هاوژینی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەفتارێکی "شەرمەزارکەر"ی کرد و لەبەردەم ئامادەبوواندا هاواری بەسەر هاوژین و ستافەکەیدا کرد.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، سارا نەتەنیاهوو لە کاتی ئاهەنگەکەدا بە تووڕەییەکی زۆرەوە بە بنیامین نەتەنیاهووی هاوژینی گوتووە: "لەبەر تۆ لێرە لەگەڵ خەڵک شەڕم کرد، تۆ واتکرد لەگەڵیان ببێتە دەمەقاڵێمان."
سارا نەتانیاهوو، هەر بەوەوە نەوەستاوە، بەڵکو بە تووندی رەخنەی لە یەکێک لە راوێژکارەکانی هاوژینەکەی گرتووە و پێی گوتووە: "پێویستە ئاگات لە من بێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی نەبوونی پاسەوان و لایەنی ئەمنی پێویست بۆی، خەریک بووە لەنێو قەرەباڵخییەکەدا بکەوێتە ژێر دەست و پێ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی رووداوەکە بڵاوبووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت سارا لە شوێنی تایبەت بە میوانە باڵاکان بە شێوەیەکی نائارام دەجووڵێتەوە و بە دەنگێکی بەرز و بە تووڕەیی قسە لەگەڵ هاوژینەکەی و ئەو کەسانە دەکات کە لە دەوروبەریدان.
ئەم رەفتارانەی سارا نەتانیاهوو لە نێو میدیای ئیسرائیلدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، کە زۆرجار بەوە تۆمەتبار دەکرێ دەستوەردان لە کاروباری حکومەت و بڕیارەکانی هاوژینەکەیدا دەکات.
هەروەها، سارا و بنیامین نەتەنیاهووی هاوژینی بە ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی لە وڵاتەکەیاندا تۆمەتبارکراون، بەڵام بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵیان راگیراوە.



