رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئامادەیی دەربڕی بۆئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام دەشڵێت، تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، ئەرکەکانی رادەپەڕێنێت.
گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ئەمشەو گوتی، رۆژی دووشەممە 8-7-2024 نامەی دەستلەکارکێشانەوەی رادەستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەکات.
ئاتال رایگەیاند، رادەستکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکە بە واتای ئەوە نایەت راستەوخۆ وازدەهێنێت، بەڵکو لە راپەڕاندنی کارەکانی وەکو سەرۆکوەزیران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت.
ئەم گوتەیەی ئاتال لە کاتێکدایە، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی چەپەکاندایە و بەرپرسانی ئەو هاوپەیمانییەش هەر ئەمشەو داوایان لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان کرد واز لە پۆستەکەی بهێنێت و داوایان لە ئیمانوێل ماکرۆنیش کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت رایانبسپێرێت.
یەکێک لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی چەپەکان بریتییە لە (فەرەنسای نەچەماوە) کە ژان میلانشۆ لە ساڵی 2016دا دایمەزراند. میلانشۆ گوتی: "گەلەکەمان زۆر بە روونی خراپترین سیناریۆی رەتکردەوە. پێویستە سەرۆکوەزیران بڕوات. بەرەی نوێی گەل ئامادەیە حکومەت پێکبێنێت".
یەکێکی دیکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چەپەکان بریتییە لە پارتی سۆسیالیست بە سەرۆکایەتیی ئۆلیڤەر فۆرێ.
دوای راگەیاندنی خولی دووەمی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، ئۆلیڤەر فۆرێ رایگەیاند، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەرەنسا سەرکەوتن بوو بۆ هاوپەیمانییەکەی و هەربۆیە دەبێت ئەوان پێکهێنەری حکومەتی نوێی فەرەنسا بن.
ئۆلیڤەر فۆرێ رەخنەی لە بەشێک لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای فەرەنسا گرت و گوتی، نابێت سیاسەتەکانی ئەو حکومەتە بەردەوام بن و دەبێت ئەو یاسایەی تایبەت بە خانەنشینانیش ئامادەکرا بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.
پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت و پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 289 کورسی هەیە. ئەنجامی بەراییەکان دەریدەخەن، هاوپەیمانیی چەپەکان نزیکەی 170 تاوەکو 190 کورسی دەباتەوە، هاوپەیمانیی (پێکەوە)ی ئیمانوێل ماکرۆن نزیکەی 150 تاوەکو 170 کورسی پەرلەمان بەدەستدێنێت، پارتی (بەرەی نیشتمانیی) راستڕۆی تووندڕۆ نزیکەی 130 تاوەکو 150 کورسی پەرلەمانی دەبێت و پارتی کۆماری نزیکەی 60 کورسی دەباتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ