رووداو دیجیتاڵ
میدیا فەرمییەکانی ئێران رۆژی سێشەممە رایانگەیاند کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کۆبووەتەوە و مەرجەکانی تارانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز پێڕاگەیاندووە.
بەپێی راپۆرتی دەستەی پەخشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراقچی لە کۆبوونەوەکەدا بە ویتکۆفی راگەیاندووە کە مەرجەکانی تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بریتیین لە: هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، گەڕاندنەوە و پێدانی بەپەلەی سەرجەم پارە و سەروەتە سڕکراوەکانی لە دەرەوە، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە تەواوی بەرەکانی "مقاوەمە" لە ناوچەکەدا.
ئەم راگەیێندراوەی تاران دوای ئەوە هات کە کەمێک پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لە نیویۆرک پشتڕاستیکردەوە کە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی، بە بەشداریی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، کۆبوونەوەیەکی سێ کاژێریی "زۆر باش و بەرهەمدار"یان لەگەڵ شاندی ئێران ئەنجامداوە، هاوکات گەشبینیی خۆی دەربڕی بەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران دەگەنە رێککەوتن.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران خوازیاری دیالۆگە و گوتیشی: "ئێران دەیەوێ قسەمان لەگەڵ بکات، تەنانەت ئەمڕۆش پەیوەندییان پێوە کردووین. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لە قۆناخی بەرەوپێشچووندان، هەربۆیە بڕوام وایە لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن و چارەسەر."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لێکەوتە ئابوورییەکانی کۆتاییهاتنی جەنگ کرد و گوتی: "پێشبینی دەکەین دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا دابەزن، لە سەرووی هەمووشیانەوە نرخی نەوت."
ترەمپ جەختی لە هێڵی سووری وڵاتەکەی لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی تاران کردەوە و گوتی: "ئێمە لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان بۆ رەتکردنەوەی دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، بە تەواوی یەکگرتوو و یەکهەڵوێستین."



