رووداو دیجیتاڵ
لە گوتارە ساڵانەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سووریا دوای 14 ساڵ لە ستەم، لە رێگەی شۆڕشی 8ی کانوونی یەکەمەوە چووە قۆناخێکی نوێوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی داهاتووی وڵاتەکە رایگەیاند، "بە سەرکردایەتیی سەرۆک شەرع، دەبینین کە سووریا سەرەڕای هەموو هەوڵە تێکدەرەوە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، بە ئاراستەی بوونە وڵاتێکی سەلامەت و ئارام هەنگاو دەنێت."
ئەردۆغان گوتی، لەم گەشتە نوێیەى سووریادا، تورکیا لە تەنیشت خەڵکی سووریاوە دەوەستێت و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پرۆسەی سەقامگیریی وڵاتەکە.
سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەى گوتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر دۆسیە هەستیار و ئاڵۆزەکانی دیکەی ناوچەکە و هۆشدارییەکی تووندی لەبارەی مەترسیی فراوانبوونی پێکدادانەکان لە ناوچەی کەنداو دا و گوتی، "پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئاسایشی ئابووریی جیهان."
ئەردۆغان گوتی، "تێکدانی سەقامگیریی ئەم ناوچەیە زیان بە تەواوی زنجیرەی دابینکردنی خوراک و وزە دەگەیەنێت و قەیرانی نێودەوڵەتی قووڵتر دەکاتەوە."
ئەردۆغان لەبارەی دۆخی عێراقیش دوا و گوتی، "پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، سەروەری و سەقامگیری لە عێراق دووپات دەکەینەوە."
سەرۆککۆمارى تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "لە رێگەی پرۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان و هێڵەکانی گواستنەوەوە، چڕتر لە جاران لەگەڵ عێراق کار دەکەین بۆ ئەوەی گەشەسەندنی ئابووری بۆ ناوچەکە بهێنینە دی."
ئەردۆغان هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل و دۆخی غەززەی بە کارەساتبار و بێوێنە ناوبرد و لەگەڵ خستنەڕووی ئامارەکاندا رایگەیاند، "غەززە ئەمڕۆ تەنیا گەورەترین گۆڕستانی منداڵان نییە لە جیهاندا، بەڵکو ناوچەیەکە کە بەرزترین رێژەی بڕینەوەی ئەندامی جەستەی منداڵانی تێدایە؛" هەروەها گوتیشی، "ئیسرائیل سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستیش بەردەوامە لە کوشتن و کاولکاری" و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە "بە زووترین کات دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دابنێن."
ئەردۆغان نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە بەردەوامبوونی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەربڕی و گوتی، "ئارەزووی رژدی تورکیا ئەوەیە کە ئەم جەنگە بە زوویی کۆتایی بێت، بە مەرجێک سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا پارێزراو بێت." هاوکات هۆشداریی دا لەوەى "هەر جۆرە هێرش و تووندوتیژییەک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای رەش بە تەواوی قبووڵنەکراوە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆاکی جیهانی."
ئەردۆغان داوای کرد رێڕەوی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای رەش بپارێزرێ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی خێرا بكرێنەوە.


