جیهان

ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی کازاخستان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران و ئەو کەسانەی چەکیان هەڵگرتووە. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کازاخستان رایگەیاندووە، دەسەڵاتی داوە بە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کە "بەبێ هۆشداری تەقە بکەن"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆپێشاندان دژی حکومەتی ئەو وڵاتە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە خەڵک چەکیان هەڵگرتووە.
قاسم جومارت توکاییڤ، سەرۆکی کازاخستان رایگەیاندووە، "20 هەزار گێرەشێوێن" هێرشیان کردووەتە سەر شاری ئەلماتی. خۆپێشاندانەکانیش بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بوو لەو وڵاتە.
بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیش بخاتەڕوو، سەرۆکی کازاخستان لۆمەی "تیرۆریستانی" راهێنراوی بیانیی کرد. وەزارەتی ناوخۆی کازاخستانیش دەڵێت، 26 "تاوانباری چەکدار" و 18 ئەفسەری هێزە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا لە رووداوەکانی رۆژانی رابردوودا کوژراون.
لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا توکاییڤ رایگەیاندووە، لە رووسیا و وڵاتانی دراوسێوە هێزی ئاشتی پارێز لە سەر داوای ئەو گەیشتوونەتە وڵاتەکەی و لە بنکە کاتییەکانی وڵاتەکەی جێگیر دەبن، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی کازاخستان.
ئەو هێزەی کە سەرۆکی کازاخستان باسی لێوەدەکات، رووسیا سەرۆکایەتیی دەکات و نزیکەی 2500 سەرباز دەبێت، توکاییڤ "سوپاسێکی تایبەتی" ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای کردووە بۆ ناردنی هێزەکە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 07-01-2022 لە شاری ئەلماتی دەنگی تەقە بیستراوە.
بەڤیدیۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی کازاخستان و خۆپێشاندەران؛ هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقام تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن pic.twitter.com/6nrwNsKLSC
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 7, 2022
لەبارەی کازاخستانەوە
کازاخستان لە باکووریەوە لەگەڵ رووسیا و لە رۆژهەڵاتیەوە لەگەڵ چین هاوسنوورە. رووبەری کازاخستان زۆر فراوانە و بە نزیکەیی هێندەی رووبەری هەرسێ وڵاتی سعودیە، عێراق و سووریا دەبێت؛ لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانەکەی 18.75 ملیۆن کەسە.
کازاخستان خاوەنی سامانێکی گەورەی سەرچاوە کانزاییەکانە، 3%ی یەدەگی نەوتی هەموو جیهان و خەڵووز و کەرتی غازی هەیە. زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن و کەمینەیەکی رووسیش لەو وڵاتە دەژین.
گرژییەکان کەی دەستیانپێکرد؟
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە کازاخستان خەڵکی ئەو وڵاتە چوونە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامدا سەرۆکی ئەو وڵاتە بڕیاری بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دا، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی خۆپێشاندانەکان و گرژی و ئاڵۆزی کەوتەوە، بەشێوەیەک کە بەشێک لە خەڵک چەکیان هەڵگرتووە.
گرژییەکان رۆژی یەکشەممە 02-01-2022 دەستیانپێکرد، کاتێک نرخی بەنزین لەو وڵاتە بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە. هەرچەندە حکومەت رایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت، بەڵام راگەیێندراوەکە نەیتوانی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان بهێنێت.
کازاخستان بە وڵاتێکی دەسەڵاتخواز باسدەکرێت، زۆربەی هەڵبژاردنەکانیش حیزبی دەسەڵات بە بەدەستهێنانی نزیکەی 100%ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر لە وڵاتەکەدا نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ