رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران دەربڕی و هۆشداریی دا کە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە، کارەساتێکی گەورە بۆ ناوچەکە و جیهان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. جەختی کردەوە، لەم پرسەدا بە تەواوی لە پشت هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکایە.
رۆژی چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026 مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (Fox News)ی ئەمریکایی رایگەیاند، رێگەدان بە ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لێکەوتەی مەترسیداری دەبێ.
رووتە گوتی، "ئەمە بۆ ناوچەکە و بۆ هەموو جیهانیش وێرانکەر دەبێ،" ستایشی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپیشی کرد کە سوورە لەسەر ئەوەی تاران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە گوتەکانیدا پرسیارێکی ئاراستەی بینەران کرد و گوتی، "ئایا دەتوانن وێنای ئەوە بکەن ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات چی روودەدات؟"
رووتە دووپاتی کردەوە، هاوپەیمانیی ناتۆ هاوڕایە لەگەڵ واشنتن لەم بابەتەدا، "من لەم پرسەدا بە تەواوی لەپشت سەرۆک ترەمپم."



