رووداو دیجیتاڵ
رۆبۆتی ئاریا، نوێترین بەرهەمی کۆمپانیای رییەڵ بۆتیکسی ئەمریکییە و زۆر لە مرۆڤ دەچێت؛ زۆر پرسیاریش وەڵام دەداتەوە.
ئاریا رۆبۆتێکی پێشکەوتووترە لە هارمۆنی، بەرهەمی پێشووی کۆمپانیاکە.
مات ماک مۆلێن، دامەزرێنەری کۆمپانیای رییەڵ بۆتیکس دەڵێ "رۆبۆتەکانی پێشتر، بەرنامەی کۆمپیوتەرییان هەبوو و شتێک بە ناوی ژیریی دەستکرد نەبوو. کاتێک مۆدێلە زمانەوانییەکان و ژیریی دەستکرد سەریان هەڵدا، هەلی گەورە و نوێ رەخسان."
پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد ئاریایان بەراورد بە رۆبۆتی هارمۆنی بەهێزتر کردووە، بە چەشنێک زۆر باشتر لەوەی پێشوو دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسە دا بکات، کە پرسیاری لێدەکات.
ئاریا، لە وەڵامدانەوە، کەڵک لە چات جی پی تی وەردەگرێت و بە تەکنۆلۆجیایەکی دیکە بەستراوەتەوە کە دەتوانێت لەڕووی جووڵەی دەمووچاوی ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دا دەکات، رووخساری بجووڵێنێت.
مات ماک مۆلێن هەروەها دەڵێ "بەبڕوای من، تێروانینی خەڵک بۆ رۆبۆتەکان گۆڕدراوە. خەڵک دەزانن رۆبۆتەکان لە هەموو قەبارە و شیوازێک دێنە نێو ژیانی ئێمە و ئەرکی جیاواز رادەپەڕێنن. هەندێکیان بەتەواوی جێگەی دەستی کاری مرۆڤ دەگرنەوە. هەندێکی دیکەشیان وەکو رۆبۆتەکانی ئێمە، زیاتر بۆ ئەوەن پەیوەندی لەگەڵ کەسەکان دا دروستبکەن."
کۆمپانیای ریەڵ رۆبۆتیکس بەنیازە تەنیایی خەڵک بەتایبەتی بەساڵاچووان لە رێگەی رۆبۆتی ئاریاوە بڕەوێنێتەوە.
هەروەها دەتوانێت بە باشی لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە کەڵک لە ئاریای رۆبۆت وەربگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ