رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە (عەبدول بەلووت)، تۆمەتباری سەرەکیی هێرشەکەی سەر رێپێوانی هاوڕەگەزخوازان لە بەرلین، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە تایبەتەکان و پێکدادانی چەکداریدا کوژرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، تیمێکی تایبەتی پۆلیس هەڵیانکوتاوەتە سەر کوخێک لەناو باخچەیەک لە گەڕەکی سپانداو لە شاری بەرلین، کە تێیدا (عەبدول بەلووت)ی تەمەن 21 ساڵ خۆی حەشار دابوو.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر پۆلیس و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و تەقەیان لێکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، عەبدول بەلووت، کاژێر 6:34ـی ئێوارە بە کاتی بەرلین (08:34) بە کاتی هەولێر، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئایریس سپرانگەر، بەرپرسی کاروباری ناوخۆی بەرلین گوتی، "سوپاسگوزاری دەزگا ئەمنییەکانم کە توانییان بەو خێراییە هێرشبەرەکە بدۆزنەوە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە."
شەوی شەممە، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و رێپێوانی ساڵانەی هاوڕەگەزخوازان لە بەرلین، کە بە "رۆژی کریستۆفەر" (CSD) دەناسرێت، ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆر خۆی بەناو ئامادەبوواندا دا.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ژنێک گیانی لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە.
پۆلیس عەبدول بەلووتی وەک گومانلێکراوی سەرەکی ناساند، کە دوای رووداوەکە لە شوێنەکە هەڵاتبوو.
دواتر لێکۆڵینەوەکان دەریانخست (عەبدول بەلووت) پێشینەی تووندڕۆیی هەبووە و لایەنگری داعش بووە؛ تەنانەت پێشتریش لە لوبنان دەستگیرکراوە کاتێک هەوڵیداوە پەیوەندی بەو گرووپەوە بکات و دواتر رەوانەی ئەڵمانیا کراوەتەوە.
کوژرانی ئەم تۆمەتبارە کۆتایی بە هەڵمەتێکی گەڕانی چڕ هێنا کە لە دوێنێ شەوەوە تەواوی شاری بەرلینی گرتبووەوە.



