رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، تەرمی پێنج شاخەوانیان لەسەر چیای ئێڵبرووس دۆزیوەتەوە، کە پێدەچێت خەڵکی بۆسنە بن. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ئەندامی گرووپێکی حەوت کەسی بوون کە سەرکەوتبوون بۆ لووتکەی ئەو چیایە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە رێگەیان ون کردبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-07-2026، نووسینگەی داواکاری گشتیی ناوچەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی 24ـی تەممووز، گرووپێکی حەوت کەسی کە خەڵکی دەرەوەی رووسیا بوون، خەریکی سەرکەوتن بوون بۆ سەر چیای ئێڵبرووس (بەرزترین لووتکەی رووسیا و ئەورووپا)، بەڵام ئێوارەی رۆژی دواتر، بەهۆی تێکچوونی کتوپڕی کەشوهەوا، گرووپەکە رێڕەوی سەرەکییان ون کردووە و لە رێگە لایانداوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، یەکێک لە شاخەوانەکان توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە خوارەوە و بەرپرسان ئاگادار بکاتەوە. ئەو شاخەوانە بە دەسەڵاتدارانی گوتووە کە دوو ئەندامی گرووپەکەیان لە بەرزیی 5100 مەتردا تەندروستییان تێکچووە و هەر لەوێ گیانیان لەدەستداوە. تیمەکانی فریاگوزاری دوای دەستپێکردنی گەڕان، توانییان شاخەوانێکی دیکەی زیندوو رزگار بکەن، بەڵام تەرمی سێ کەسی دیکەیان دۆزییەوە کە بەهۆی سەرماوە رەقیان بردبووەوە. بەمەش کۆی گشتیی قوربانییانی رووداوەکە گەیشتە پێنج کەس. ئیلمێدین کۆناکۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی بۆسنە، هەواڵی گیانلەدەستدانی شاخەوانەکانی پشتڕاستکردەوە و رووداوەکەی وەک "تراژیدیایەکی گەورە" وەسف کرد. چیای ئێڵبرووس کە بەرزییەکەی 5642 مەترە، یەکێکە لە مەترسیدارترین چیاکان بۆ شاخەوانان، بەتایبەتی کاتێک کەشوهەوا بە شێوەیەکی کتوپڕ تێکدەچێت.