رووداو دیجیتاڵ
دوای تەنیا چوار رۆژ لە دانانی تابلۆیەکی رێنمایی بۆ مزگەوتێک لە شاری پێنزبێرگی ئەڵمانیا، کەسێکی نادیار تابلۆکەی شێواند.
ئەم تابلۆیە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەڵمانیا بۆ پێشاندانی شوێنی مزگەوتێک دانراوە. پێشتر تەنیا تابلۆی کەنیسەکانی کاتۆلیک و پرۆتێستانت لەسەر رێگەکان هەبوون.
تابلۆکە بە هاوبەشی لەلایەن شارەوانی پێنزبێرگ، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە و نوێنەری کەنیسەی کاتۆلیک و پرۆتێستانت دانراوە.
ئیدریس بنیامین ئیمامی مزگەوتەکە دەڵێت: کاردانەوەی موسڵمان و ئایینەکانی دیکە لەبارەی دانانی تابلۆکە لە ناو شارەکەدا بە گشتی ئەرێنی بوون و تابلۆ نوێیەکە وەکو نیشانەیەکی دیاری رێزگرتنی دوولایەنە و ژیانی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا سەیر کراوە.
دەشڵێت: نوێژی هەینی و گوتارەکە بە زمانی ئەڵمانییە، مزگەوتەکەمان بۆ هەموو کەسێک کراوەیە، موسڵمان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە.
بەڵام دانانی تابلۆکە کاردانەوەی زۆری هەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەجۆرێک کۆمێنتی رقئامێز دژی موسڵمانان بڵاوکرانەوە.
تۆماس کۆپف، سەرۆکی شارەوانیی شارەوانی پێنزبێرگ، لە وەڵامی کاردانەوە و رەخنەکاندا رایگەیاند: من دەزانم لەم گفتوگۆیەدا لایەنی توندڕۆ کامەیە؛ ئەوە کۆمەڵگەی ئیسلامی یان ئیسلام نییە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵی 1960ـەوە رێگە بە کەنیسەی کاتۆلیک و پرۆتێستانت دراوە تابلۆی رێنمایی بۆ شوێنی پەرستنیان لە دەروازەی شارەکان دابنێن.
لە ساڵی 2008ـەوە ئەم مۆڵەتە بۆ هەموو ئایینەکانی دیکەش لەنێویاندا ئایینی ئیسلام رێگەپێدراوە بەڵام یەکەم جارە تابلۆیەکی رێنمایی بۆ مزگەوتێک لەو شارە دادەنرێت.



