رووداو - هەولێر
بەهۆی ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ لە فەرەنسا راگەیێندراوە، شەقامەکان چۆڵبوون و قەرەباڵخییان تێدا بەدیناکرێت، ئەمەش وایکردووە ژنانی ئەو شارە ببنە نێچیرێکی ئاسانتر بۆ ئەو کەسانەی گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی ئەنجامدەدەن.
رێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان باس لەوەدەکەن کە هێرشکارەکان دەزانن کە ئەو کچ و ژنانە ناتوانن داوای هاوکاری لە کەس بکەن بۆیە لەم ماوەیەدا هێرشەکانیان زیادکردووە.
فاتیمە بن عومەر، چالاکڤانێکی 36 ساڵە و ئاماژە بەوە دەکات، لەلایەن چەند گەنجێکەوە لە شەقامی بەناوبانگی ریڤۆلی لە پاریس گێچەڵی پێکراوە، لە کاتێکدا کە شەقامەکە لە مرۆڤ و ئۆتۆمبێل خاڵی بووە.
فاتیمە دەڵێت "ئەوان بەدوای مندا هاتن، چونکە من قسەکانیانم پشتگوێخستن. بۆیە دەستیان کرد بە جنێودان و هەڕەشەیان لێکردم. زۆر ترسام".
فاتیمە باس لە دەوروبەرەکەی دەکات لە کاتی هێرشەکەدا و دەڵێت "هیچ رێگەیەکی راکردنم نەبوو. هەموو فرۆشگەکان داخرابوون و هیچ کەس لەوێ نەبوو تا داوای هاوکاریی لێبکەم".
لۆرین مارتن پەرستارێکی تەمەن 28 ساڵە و یەکێکی دیکەیە لە قوربانیانی گێچەڵی سێکسی، پێشتر هەموو رۆژێک لە ماڵی خۆیەوە بەپێ دەڕۆیشت بۆ سەر کارەکەی بێئەوەی هەست بە هیچ مەترسی یان شتێکی نامۆ بکات، بەڵام دوای ئەوەی لە 17ـی ئادار قەدەخەی هاتووچۆ لە پاریس چووە بواری جێبەجێکردنەوە، رێگەکەی چیدیکە وەکو جاران ئارام نەبوو.
لۆرین بەسەرهاتی رووداوێکی هێرشکردنە سەری دەگێڕێتەوە و دەڵێت "رۆژی دووەمی قەدەخەی هاتووچۆ، کۆمەڵێک پیاو لە شەمەندەفەردا بەرەوڕووی من هاتن و تەلەفۆنەکەمیان دزی. دەستم بە هاوارکردن کرد و ئەوانیش رایانکرد، بەڵام دواتر ئەو کەسەی کە بەتەنیا لەنێو شەمەندەفەرەکەدا مابووەوە، لێم نزیکبووەوە و لە تەنیشت منەوە وەستا و پرسیاری ئەوەی لێکردم شوومکردووە یان نا".
لەبەرئەوە، لەو کاتەوە لۆرین پایسکیلێکی کڕیوە و پێی دەچێتە سەرکار، ئەو دۆخی ئێستای ژنانی بە ئامانجگیراو بە رابردوو بەراورد دەکات و دەڵێت "بێگومان خراپترە لە جاران. ئێستا ژمارەیەکی کەمتری ژنان هەن بۆیە زیاتر دەکرێنە ئامانج و ژمارەیەکی کەمتری شایەتیش هەن".
پۆلیسی فەرەنسا داوای لە قوربانیانی ئەم جۆرە هێرشانە کردووە کە لە کاتی کەوتنەوەی هەر رووداوێک، سکاڵا تۆماربکەن، بەڵام تائێستا هیچ ئامارێکیان نەخستووەتەڕوو کە دیاری بکات چەند هێرشی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆ ئەنجامدراون، بەڵام هەفتەی رابردوو ژمارەیەک پارێزەر رایانگەیاند، لە ماوەی تەنیا 24 کاژێردا، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر دوو ژن، یەکێکیان لە پارکێکی گشتی، ئەوەی دیکەیان لەسەر شەقامێک لە ناوچەی سەینت دەنیز لە باکووری شاری پاریس.



