رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران دەکەن، بە مەبەستی دوورخستنەوەی باڵی "تووندڕۆ" لە دەسەڵات و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی نۆ مانگە بەردەوامە.
بەپێی میدیای ئەمریکی، ئەو بەرپرسانەی ئیدارەی ترەمپ کە پشتگیری لەم پێشنیازە دەکەن پێیانوایە، هێرشێکی لەو شێوەیە دەتوانێت رێگە بە ترەمپ بدات کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و پەیامێکی روونیش بداتە پاشماوەی دەسەڵاتدارانی تاران کە واشنتن لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانێت سەرکردەکانیان بدۆزێتەوە و بیانکوژێت.
لە بەرامبەردا، ئەو بەرپرسانەی دژی ئەم هەنگاوەن هۆشداری دەدەن کە کوشتنی سەرکردەکان رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەوانەی لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە زیاتر پێداگری بکەن و متمانەی ئەمریکاش لە هەر دانوستاندنێکی داهاتوودا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لاواز بکات.
هاوکات بەشێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە لەوەى بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکیش دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەترەوە. بە جۆرێک کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە، بەم دواییانە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گواستووەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی.
سەرچاوەکان بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ نەداوە و تاوتوێی چەندین بژاردە دەکات، لەنێویاندا دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان، لێدانی ژێرخانی ئێران یان راگەیاندنی سەرکەوتنی ئەمریکا لە جەنگەکە.
ئامانجە ئەگەرییەکان و گەمارۆی سەر ئێران
بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ زانیاریی زیاترى داوەتەوە میدیای وڵاتەکەى و دەڵێ، ئەگەر واشنتن بڕیاری هێرشی نوێ بدات، ئامانجە ئەگەرییەکان بریتی دەبن لە دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی خارگ، ژێرخانی نەوت و گازی دوورگەی قیشم (کە سوپای ئەمریکا بەم دواییانە بەرگرییە ئاسمانییەکانی تێدا کردە ئامانج) و هەروەها دامەزراوە ئەتۆمییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوچەی ناسراو بە "چیای قوڵنگ".
هاوکات گوتیشی، هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ کردنەئامانجی سەرکردەکانی تاران پێویستی بە "زانیاریی هەواڵگریی زۆر ورد و متمانەپێکراو" هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش زۆرجار ئەمریکا سوود لە هەواڵگریی ئیسرائیل وەردەگرێت. هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە سەرۆکایەتیی پیت هێگسەس و دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، چەندین بژاردەی سەربازییان خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە نۆ مانگە کە لە نێوخۆی ئەمریکاشدا ناڕەزایەتیی زۆری لەسەرە.
سەرەڕای گەمارۆی دەریایی و داڕمانی ئابووریی تاران، درێژەکێشانی جەنگەکە و زیادبوونی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لە ئەمریکا، وایکردووە واشنتن بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ یەکلاکردنەوە و کۆتاییهێنان بە ململانێکە بە کەمترین تێچوو.



