چیرۆکی تراژیدیی ئەو منداڵە کوردەی رۆناڵدۆ خەونێکی هێنایەدی

04-07-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
چیرۆکی ژیانی ئاوار و بێهیوابوونی
چیرۆکی ژیانی ئاوار و بێهیوابوونی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تەوقەیەکی لەبیرنەکراو لەنێوان منداڵێکی کورد لەگەڵ ئەستێرەی تۆپی پێ. رۆناڵدۆ بە واژۆی تایبەتی خۆی و راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە دڵنەوایی، بوونە هۆکاری دڵخۆشی ئاوار.
 
ئاوار تەمەنی پێنج ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی دێرکە لە پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. سێ ساڵە تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە، نەخۆشییەکە بە هەموو جەستەیدا بڵاوبووەتەوە و، 20 رۆژە توانای قسەکردنی نەماوە، چوون بۆ قوتابخانە و بینینی رۆناڵدۆ دوو ئاواتی گەورەی ئاوار بوون.
 
هۆزان یوسف، باوکی ئاوار بە رووداوی گوت "ئاوار ئاواتی ئەوە بوو بچێتە قوتابخانە، بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستی بۆ ئەو نەدەبوو."
 
ئاوار لە ئەڵمانیا داوای لە تیمی پزیشکی کرد کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینێت، باوکی دەڵێ "ئەوان و چەند رێکخراوێک هاوکار بوون و چووین و رۆناڵدۆمان بینی. ئاوار داوای کرد تەوقەی لەگەڵ بکات و ئەویش کەمێک ماندوو بوو و هیچ قسە و گفتۆیەک لەنێوانیاندا نەکرا، بەڵام کریستانۆ زانی ئێمە کوردین و خەڵکی دێرکین، تیمی پزیشکی پێیان گوتبوو، ئێمە کوردی سووریاین."
 
خانەوادەی ئاوار لە ساڵی 2013 زێدی خۆیان بەجێهشت و لە دهۆک نیشتەجێبوون. 
 
دوو رۆژ پێش ئەوەی تەمەنی ئاوار ببێتە دوو ساڵ، تای بەرزدەبێتەوە و ژێر قورگی ئەستوور دەبێت، سەرەتا پزیشکەکان نەیانزانیوە چیەتی، دوای دوو هەفتە ئەنجامی پشکنینەکانی لە شامی پایتەختی سووریا دەریدەخەن تووشی شێرپەنجە بووە.
 
سوعاد عەلی، دایکی ئاوار باسی ئەوە دەکات بۆ ماوەی هەشت مانگ لە باشووری کوردستانەوە "دەچوومە دێرک، 25 کاژێر بەڕێ دەبووم تاوەکو دەگەیشتمە شام. کوڕەکەم کەم کەم بەرەو چاکبوونەوە دەڕۆی، بەڵام شەوێک دیسان تای بەرز بوو و بردمەوە نەخۆشخانە. دواتر باوکی ناچار بوو بێتە ئاڵمانیا، چونکە زۆربەی دکتورەکان بە ئێمەیان گوت چارەسەری کوڕەکەتان لە ئەڵمانیا هەیە."
 
باوکی ئاوار ساڵی 2022 رێگەی سەختی کۆچبەری گرتەبەر، بەو هیوایەی بگاتە ئەڵمانیا و چارەسەر بۆ کوڕەکەی بدۆزێتەوە، دوای هەوڵدانێکی زۆر، توانی مانگی 10ـی 2023 هاوژین و منداڵەکانی بهێنێتە لای خۆی، بەڵام ئیدی بۆ ئاوار زۆر درەنگ بوو.
 
20 رۆژە پزیشکەکان خێزانەکەی  ئاواریان بێ هیوایان کردووە و نێردراوەتەوە ماڵەوە.
 
ئاوار سێ برای گەورەتر لە خۆی هەیە. ئەو خێزانە ئێستا لە خانوویەکی دوو ژووری لە شارۆچکەی ڤیتزلا دەژین کە حکومەتی ئەڵمانیا بۆی دابین کردوون. ئەوان هاتبوون لە ئەڵمانیا ئاهەنگی چاکبوونەوەی ئاوار بگێڕن، بەڵام لەنێوان یاری و پێکەنینی رۆژانە و فرمێسکی شاراوەی شەوانەدا، چاوەڕێی دوایین هەناسەکانی ئاوار دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان