نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ هاوڕێم سەرۆک ماکرۆن دوایین پێشهاتەکانمان تاوتوێکرد

03-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە پاریس
A+ A-
 

 

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خۆشحاڵ بووم به‌ دیداری هاوڕێی ئازیزم سه‌رۆک ماکرۆن" و دەڵێت، باسیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەولێر، بەغدا و پاریس کردووەتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو)دا رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم به‌ دیداری هاوڕێی ئازیزم سه‌رۆک ماکرۆن له‌ پاریس."
 
نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەکات، "بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و دوایین پێشهاته‌کانی عێراق و ناوچه‌که‌مان تاوتوێکرد."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا "قووڵ و مێژویین و به‌ڵگه‌ی پابه‌ندیی هاوبه‌شمانن به‌ ئاشتی و سه‌قامگیری و پێشکه‌وتنه‌وه‌."
 
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە بە تەوقە و باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا.
 
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی دووەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە کۆشکی ئێلیزێ و لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساوە بە تەوقە و باوەشێکی گەرم پێشوازیی لێکرا.
 
هەردوو سەرۆکەکە لە پێش دەرگای کۆشکی ئێلیزێ وەستان و ماکرۆن بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت: "زۆر خۆشحاڵم کە لێرەیت." 
 
هاوکات، ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ پاریس پرسیاری لەبارەی کۆبوونەوەکە لە ماکرۆن کرد و لە وەڵامیدا، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگە چونکە دەزانیت ئێمە چەندێک پەیوەستین بە سەقامگیریی و سەروەریی عێراقەوە. لەبەرئەوە زۆر گرنگە." 
 
دوێنێ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لەسەر بانگهێشتی هاوتا فەرەنسییەکەی گەیشتە پاریس. 
 
 
ئاڵا شاڵی لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن گوتی، "ماکرۆن پێی گوتین ئەمە کۆبوونەوەیەکی گرنگە لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا، دڵخۆشم کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەبینم."
 
لەبارەی بۆچوونی رای گشتی و میدیا فەرەنسییەکان سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، نێردراوی رووداو دەڵێت، "ئێستا لەنێو میدیاکانی فەرەنسا ئەم سەردانە بە گرنگ باس دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامی کۆبوونەوەکە کاریگەریی زۆری هەبێت لەسەر پرسە هەنووکەییەکان." 
 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ هیچ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی لە کۆشکی ئێلیزێ ناکرێت، بەڵکو ئەمڕۆ بۆ کۆبوونەوە تەرخاندەکرێت. 

 

 
 
عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە هەیڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فەرەنسا کە شەوی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023 پەخشکرا، گوتی، "سەرۆک ماکرۆن پێگە و بایەخی نێچیرڤان بارزانی باش دەزانێت.. و نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گرنگی لەپێکهێنانی حکومەتی عێراقدا بینی و دەیەوێت ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ عێراق بەدەستبهێنێت."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەڵێت، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی فەرەنسایە. دەشڵێت، ئەو سەردانە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت.

 

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى ئيمانوێل ماكرۆنە. بانگهێشتنامەکە لەلایەن پاتریک دورێل، (راوێژکاری سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفريقا)ـوە گەیێنرایە نێچیرڤان بارزانی. 
 
 
 
پەیوەندییە بەهێزەکەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان
 
رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2013 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر تاوتوێکران.  
 
رۆژی 2-12-2017 و لەو کاتەدا حکومەتی عێراق گەمارۆی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسای کرد. سەردانەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە. 
 
رۆژی 10-7-2019ـش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە. 
 
رۆژی 15-2-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند بابەتێک قسەیان کرد، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس. 
 
لە ساڵی 2014شەوە سێجار سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێری کردووە. ئەیلوولی 2014 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا هاتە هەولێر، ئەوەش کاتێک هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە شەڕدا بوون. رۆژی 2-1-2017ـش ئۆلاند سەردانی هەولێری کردەوە. رۆژی 29-8-2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەولێری کرد.
 
داواکارییەکانی فەرەنسا بۆ چاکسازییەکان و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە
 
لە رابردوودا راهێنەر و راوێژکارە فەرەنسییەکان راهێنانیان بە زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە کردووە، بۆیە پرسی چاکسازییکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە پرسێکی گرنگە لای فەرەنسا و پێشبینی دەکرێت یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن بێت. 
 
لەگەڵ ئەو پرسە ئەمنییەدا هاوکات دەگوترێت، یەکێکە دیکە لە پرسەکان پاراستنی ئاسایشی سەربازانی ئەو وڵاتەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دوای گیان لەدەستدانی سێ سەربازییان، جەخت لە پارێزگارییان دەکاتەوە. رووداوی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و هەڵوێستە توندەکانی عێراق لەوبارەیەوە بەهەند وەرگیراوە، فەرەنسییەکان هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی ئارامتر دەزانن. 
 
بەپێی داتای فەرمی سوپای فەرەنسا، 200  سەرباز و راهێنەر و مەشق پێکەری لە عێراقدا جێگیرکردووە کە 160  راوێژکار و راهێنەرن و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن.
 
 
فەرەنسا و کاریگەرییەکانی لە شەڕی دژ بە داعش
 
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە پشتیوانێکی دیاری ناوچەکە بووە. 
 
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزاران سەربازی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە. 
 
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
 
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە، ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە