رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتان، کاردانەوەی بەشێک لە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و زۆربەیان ئاماژە بەوە دەکەن، خواستی دەستپێکردنی جەنگی بازرگانییان نییە.
رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر هەموو کاڵایەکدا سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت و رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە وڵاتان دیکە نادەن لەسەر حسابی ئەمریکا خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
ترەمپ هەروەها سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی ئاگادار کردەوە، لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر دەیانەوێت پێناسە نوێیەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتانە پێناسی گومرگی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە.
دوای بڕیارەکەی ترەمپ، بازاڕە داراییەکانی جیهان ناجێگیرییەکی زۆریان بەخۆیەوە بینی؛ نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی ئەمریکا 3٪ دابەزین؛ گەورەترین زیانیش لە ئاسیا لە بازاڕی تۆکیۆ تۆمارکرا. نرخی هەر بەرمیلێک نەوت زیاتر لە دوو دۆلار دابەزی و بیتکۆینیش 4.4٪ـی بەهاکەی لەدەستدا.
کاردانەوەی وڵاتان لە دوای بڕیارەکەی ترەمپ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەوان وەکو 'نزیکترین هاوپەیمان"ـی ئەمریکا دەمێننەوە.
جۆناسان رینۆڵدس، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا رایگەیاند، دەیانەوێت بە ئەنجامدانی رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا کاریگەرییەکانی پێناسە گومرگییەکان لەسەر وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە.
ئەو پێناسە گومرگییەی ترەمپ بەسەر بەریتانیا سەپاندوویەتی، 10٪ـە.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبن و گوتیشی: "لەپێناو بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەجەنگین."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نەگەنە هیچ ئەنجام، ئەوا دەکرێت ئەوانیش پێناسی گومرگی بخەنە سەر کاڵای ئەمریکی.
کاردانەوەی یەکێتیی ئەورووپا
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاند، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا "گورزێکی گەورە" لە جیهان دەدەن و کاریگەری مەترسیداریان لەسەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا دەبێت.
ڤۆن دێر لاین هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا بە گفتوگۆ نەگەنە رێککەوتن، ئەوانیش پێناسی گومرگی دەخەنە سەر ئەمریکا.
هاوکات جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکای بۆ سەر یەکێتی ئەورووپا بە "هەڵە" ناوبرد و گوتی، بڕیارەکەی ترەمپ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.
مێلۆنی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گوتی: "هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا بگەینە رێککەوتن، بەو ئامانجەی دووربکەوینەوە لە جەنگی بازرگانی کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی رۆژئاوا و لە بەرژەوەندی هێزە جیهانییەکانی دیکەیە."
هاوکات وەزیری بازرگانیی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ لە بەژەوەندی ئەمریکادا نییە و ئەوان دەیانەوێت لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن.
یۆگ کوکیز، وەزیری بازرگانیی ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەی گوت: "پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا زیان بە کڕیارە ئەمریکییەکان دەگەیێنن، لەبەر ئەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا بەرزدەبێتەوە."
وەزیرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڕیارەکەی ترەمپ، کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لەنێوخۆی ئەمریکا زیاتر ئۆتۆمبێل دروست دەکەن و کەمتر ئۆتۆمبێل لە ئەورووپاوە هەناردەی ئەمریکا دەکەن و ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دروست دەکات.
کاردانەوەی چین، بەرازیل و ئوسترالیا
حکومەتی چین رایگەیاند، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن، وەڵامی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا دەدەنەوە.
وەزارەتی بازرگانیی چین لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هیچ کەسێک لە جەنگی ئابووری براوە نییە... چین داوا لە ئەمریکا دەکات دەستبەجێ پێناسە گومرگییەکان هەڵبگرێت و بەشێوەیەکی دروست ناکۆکییە بازرگانییەکی لەسەر بنەمای یەکسانی چارەسەر بکات."
حکومەتی بەرازیلیش رایگەیاند، بیر لەوە دەکەنەوە کەیسەکە ببەنە رێکخراوی بازرگانی جیهانی.
هەروەها ئەنجوومەنی پیرانی بەرازیل پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد و چرای سەوزی بۆ حکومەت هەڵکرد کە بتوانێت وەڵامی هەر وڵاتێک بداتەوە پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای بەرازیلدا بسەپێنێت.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گوتی، پێناسە گومرگییەکان بەتەواوی "بێ پاساون" و ئاماژەی بەوەش کرد، وەڵامی پێناسە گومرگییەکان نادەنەوە.
ئەلبانیس ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەنێوانیاندا هەیە و گوتیشی: "ئەوەی ئەمریکا دەیکات کاری دۆست نییە."
ترەمپ دەڵێت، ئەمریکا ساڵی رابردوو بە بڕی سێ ملیار دۆلار گۆشتی سووری لە ئوسترالیا کڕیوە، بەڵام ئوسترالیا رێگە نادات ئەمریکا گۆشت رەوانەی ئەو وڵاتە بکات.
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیاش دەڵێت، هۆکاری ئەوەی کە ناهێڵن ئەمریکا گۆشت هەناردەی وڵاتەکەیان بکات، ئاسایشی بایۆلۆژییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ