رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20-09-2026، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لە دوایین رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، سندووقەکانی دەنگدان داخران و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەستیپێکرد.
هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی دووما بە درێژایی سێ رۆژ (لە رۆژی هەینییەوە) بەڕێوەچوو؛ دەسەڵاتدارانی مۆسکۆ هانی دەنگدانی ئەلیکترۆنییان دا بۆ زیادکردنی رێژەی بەشداری لەنێو زیاتر لە 111 ملیۆن دەنگدەری وڵاتەکەدا.
لە کاتی دەنگداندا، دەنگدەران لە رێگەی دوو کارتی جیاوازەوە دەنگیان بۆ یەکلاکردنەوەی 450 کورسییەکەی دووما دا: یەکەمیان بۆ هەڵبژاردنی لیستی پارتەکان تەرخانکرابوو کە 225 کورسی پێکدەهێنن، هاوکات 225 کورسییەکەی دیکەش لە بازنەی تاکەکەسیدا و بۆ بەربژێرە سەربەخۆ و ناوچەییەکان بوو.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا و دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان لە ناوچەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە، ئەنجامە بەراییەکان بڵاوبکرێنەوە.
پێشبینییە بەهێزەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی دەسەڵاتداری رووسیای یەکگرتوو، کە پاڵپشتی لە ڤلادیمیر پووتین دەکات، باڵادەستیی خۆی لە ئەنجوومەنی دوومادا بپارێزێت، هاوکات چەند پارتێکی بچووکتری ئۆپۆزیسیۆنی فەرمیش کە لەگەڵ سیاسەتەکانی سەرۆکی رووسیا دەنگ لەسەر پرسە سەرەکییەکان دەدەن، پێگەی خۆیان لە پەرلەماندا دەهێڵنەوە.



