رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 1,000 شەپۆلی هێرشی ئەلیکترۆنی لە جۆری (DDoS) کراونەتە سەر ژێرخانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتەکە.
رۆژی یەکشەممە 20-09-2026 ئێلا پامفیلۆڤا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵات یان لایەنێک بە بەرپرسیاری هێرشەکان بهێنێت، رایگەیاند، هێرشەکان پێدەچێت لەلایەن "گرووپی زۆر پرۆفیشناڵ و بەهێزەوە کرابن کە ئامرازەکانی ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە."
هێرشەکانی لەکارخستنی خزمەتگوزاری یان (DDoS) بە جۆرێک دەکرێن کە لێشاوێکی یەکجار زۆری داتا و هاتووچۆی ئینتەرنێت دەخرێتە سەر سیستمەکان تاوەکو لە کار بکەون و لە چالاکیی ئاسایی خۆیان بوەستن.
پامفیلۆڤا گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە هەزار شەپۆلی هێرشی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون، کە بە تایبەتی ژێرخانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنیان لە سەرتاسەری رووسیا کردووەتە ئامانج."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، دەنگدان لە سەرتاسەری رووسیا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی تەواوی 450 کورسییەکەی ئەنجوومەنی دووما (پەرلەمان) بەڕێوەدەچێت. چاوەڕوان دەکرێت پارتی رووسیای یەکگرتووی دەسەڵاتدار، کە پاڵپشتی لە ڤلادیمیر پووتین دەکات و لە دوای ساڵی 2003ـەوە براوەی تەواوی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان بووە، سەرکەوتنێکی دیکە مسۆگەر بکات.
سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانەی دیکەش کە مۆڵەتی بەشداریکردنیان پێدراوە، پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی پووتین و هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراینا دەکەن؛ ئەمەش دوای ئەوەی دادگەی باڵای رووسیا چەندین هەفتە پێش دەنگدانەکە، پارتی (یابلۆکۆ)ـی دژە جەنگی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە دوورخستەوە.



