رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی سەرخۆش پۆلیس لە زامبیا، رێگە بە 13 بەندکراوی گرتووخانەیەک دەدات بچنە دەرەوە و بەشداری لە ئاهەنگی سەری ساڵدا بکەن.
رۆژی پێنجشەممە 02-01-2024 بەرپرسانی زامبیا لە ئەفریقا رایانگەیاند، تایتس پیری، ئەفسەری پشکنەر لە بنکەی پۆلیسی لیۆنارد چیلۆ، لە شاری لوساکای پایتەختی زامبیا دەستگیر کراوە.
سەرچاوەکان گوتیان، ئەو ئەفسەرە لە شەوی سەری ساڵ دا، لەژێر کاریگەریی کحوول، دەرگەی گرتووخانەی بۆ 13 بەندکراو کردووەتەوە بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە و ئاهەنگ بگێڕن.
13 بەندکراوەکە بە تاوانەکانی شەڕکردن، پەلاماردان و دزیکردن گیرابوون. تاوەکو ئێستا هیچ کامیان دەستگیر نەکراونەتەوە و پۆلیسی زامبیا دەستی بە گەڕان کردووە.
رێی هاموونگا، گوتەبێژی پۆلیسی زامبیا گوتی "ئەفسەر پیری، بە سەرخۆشی و بە زۆرەملێ کلیلەکانی وەرگرتووە و دەرگەی بەندیخانەی سێرا باندای بەڕووی ئەو 13 بەندکراوەدا کردووەتەوە. ئەفسەر پیری بە ژن و پیاوە بەندکراوەکانی گوتووە، ئیدی ئێوە ئازادن."
گوتەبێژی پۆلیسی زامبیا گوتی "15 بەندکراو لە بەندیخانەکە دا بوون، 13ـیان رایانکردووە. دوای ئەوان، ئەفسەرەکەش رایکردووە."
دیکسن جێری، گوتەبێژی پێشووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لە فەیسبووک بڵاویکردەوە "هەرکاتێک بیر لە دیمەنەکە دەکەمەوە پێدەکەنم، بەڕاستی زۆر کۆمێدییە. بەو هەواڵە رووداوێکی 1997ـم بیر کەوتەوە."
لە شەوی سەری ساڵی 1997، کابازۆ چاندا، دادوەری دادگەی باڵای زامبیا فەرمانی ئازادکردنی 53 بەندکراوی دا، کە هەندێکیان لەلای پۆلیسی وڵاتەکە بە "مەترسیدار" وەسفکرابوون.
لە روونکردنەوەی ئەو فەرمانە، کابازۆ گوتی "لەوە بێزارببووم کە ئەو 53 کەسە لە ساڵی 1992ـەوە دەستبەسەرکرابوون و هێشتا دادگایی نەکرابوون. هەر دادگاییەک دوابکەوێت، رەتدەکرێتەوە."
زامبیا وڵاتێکە دەکەوێتە باشووری کیشوەری ئەفریقا و زمانی فەرمی لە وڵاتەکە دا ئینگلیزییە. 20 ملیۆن و 216 هەزار دانیشتووی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ