رووداو نامەیەکی دەنگیی کۆچبەرێکی کورد بڵاودەکاتەوە، ئەو کاتەی کە بەلەمەکەیان نوقم بووە

01-12-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
سیروان ئەبوبەکر، کۆچبەرێکی کورد کە لە نۆکەندی ئینگلیز بێسەروشوێنە
سیروان ئەبوبەکر، کۆچبەرێکی کورد کە لە نۆکەندی ئینگلیز بێسەروشوێنە
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-
فازڵ هەورامی و ژیار حەکیم
رووداو دیجیتاڵ

کۆچبەرێکی کورد کە لە نۆکەندی ئینگلیز خنکا، لە دوایین نامەکانی بۆ باوکی دەڵێت، "ئێستا سواری چووپ بووین"، پاشان دوای نزیکەی شەش کاژێر بە نامەیەکی دەنگی دەڵێت، لە ئاوەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیان و، نازانن کام لایەنیان دێن بۆ رزگارکردنیان، ئەگەر دەنگیان نەما، ئەوە لە بەریتانیان، ئەگەریش گەڕێندرانەوە بۆ فەرەنسا، خۆیان تەلەفۆن دەکەنەوە.
 
سیروان ئەبوبەکر یەکێک لەو کۆچبەرانەیە کە لە رووداوی نوقمبوونی بەلەمێک لە 24-11-2021 لە نۆکەندی ئینگلیز تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە، بنەماڵەکەی دەڵێن، ئومێدیان هەبووە کوڕەکەیان زیندوو بێت، بەڵام دوای بینینی هەڤپەیڤینێکی رووداو لەگەڵ محەممەد شێخە، یەکێک لە رزگاربووانی بەلەمەکە، بەتەواوی بێئومێد بوون و ئێستا تەنیا چاوەڕێی تەرمی کوڕەکەیان دەکەن.
 
ئەو گەنجە کوردە تەمەنی 23 ساڵ بووە و خەڵکی سەردەشتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دێسکی ئینگلیزیی رووداو قسەی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو گەنجە کردووە و دوایین چاتی نێوان ئەوان و سیروانیان دەستکەوتووە.
 
مەحموود عەلیپوور، ئامۆزای سیروان بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی کە رووداو قسەی لەگەڵ محەممەد شێخە کرد، ئێمە ئومێدەوار بووین.. چونکە واماندەزانی بەلەمەکە لە 12ـی شەوەوە تاوەکو 6ـی بەیانی بەڕێکەوتووە و وامانزانی رێگەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ئەوەندە زیاتر نییە.. بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە بەریتانیا بە هانایانەوە نەچێت".
 
دوو کۆچبەری رزگاربووی رووداوەکە پێشتر باسی ئەوەیان بۆ رووداو کردبوو کە پەیوەندییان بە پۆلیسی بەریتانیاوە کردووە و، ئەوان پێیان گوتوون کە شوێنەکەتان بنێرن و چاوەڕێ بکەن، بەڵام دواتر کە تەلەفۆنیان کردووەتەوە پۆلیس وەڵامی نەداونەتەوە.
 
بەڵام وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لە رێگەی ئیمەیڵەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆچبەرانە لە سنوورە ئاوییەکانی بەریتانیا نەبوون، بۆیە بە هانایانەوە نەچوون.
 
سیروان لە ئێرانەوە تاوەکو کاڵاس لە فەرەنسا 13 هەزار و 500 دۆلاری خەرجکردبوو، هەروەها سێ هەزار و 500 دۆلاریشی دابووە قاچاخچییەک بۆ ئەوەی بیپەڕێنێتەوە بۆ بەریتانیا. پێشتر چوار جار هەوڵی ئەوەی دابوو کە لە فەرەنساوە بچێتە بەریتانیا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، مۆبایلەکەشی کەوتبووە نێو ئاو و تێکچوو، بۆیە لە رێگەی مۆبایلی شاکار، هاوڕێیەکی کۆچبەری قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی دەکرد.
 
سیروان لە مانگی ئەیلوولەوە ئێرانی بەجێهێشتووە، ئەو بە پێنج رۆژ سنووریی ئاویی نێوان تورکیا و ئیتاڵیای بە بەلەم بڕیبوو و، دواتر خۆی گەیاندبووە فەرەنسا و نزیکەی مانگ و نیوێکیش لە کاڵاس مابووەوە.
 

شاکار، یەکێک لەو کۆچبەرانەی کە لە نۆکەندی ئینگلیز بێسەرشوێن بوو

لە نامەکەی وەتسئەپدا کە بۆ باوکی ناردووە دەردەکەوێت کە کاژێر 12:25ـی بەرەبەیان بە کاری ئێران نامەی بۆ باوکی ناردووە و نووسیویەتی، "سڵاو وەستا بەکر، نازانم چیت ناردووە، بەڵام ئێستا سواری چووپ بووین"، باوکیشی دوای نزیکەی پێنج کاژێر وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی، "سڵاو کاکە.. چیت لێ بەسەرهات؟.. کاکە جوابم بدەوە".
 
نیگەرانییەکانی ئەو خێزانە لە دوای ئەوەوە دەستی پێکرد کە کوڕەکەیان بۆ ماوەی شەش کاژێر هیچ دەنگی نەبووە، دواتر بە نامەیەکی دەنگی پێی گوتبوون، "لە نێوان ئاوی بەریتانیا و فەرەنساین. نازانین کامیان دێن [بۆ رزگارکردنمان]. ئەگەر دەنگمان نەما و مۆبایل و شتم فڕێدەدەم، ئەوە بەریتانیایە، ئەگەر هەر لە جوابیش بووین ئەوە لە فەرەنسام خۆم جوابت دەدەمەوە".
 
دوایین جاریش کە ئەو وەتسئەپە ئۆنلاین بووە، کاژێر 06:48ـی بەرەبەیان بووە بە کاتی ئێران.
 
لە نامە دەنگییەکەدا دەنگی چەند کەسێکی دیکە دێت کە فیکە لێدەدەن بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک گوێی لێیان بێت، بە هانایانەوە بچێت.
 
لەبارەی هۆکاری فڕێدانی مۆبایلەکەوە، یەکێک لە کۆچبەرە رزگاربووەکان بە رووداوی راگەیاندبوو کە پێش ئەوە بگەنە بەریتانیا مۆبایلەکانیان فڕێدەدەن، چونکە پۆلیسی بەریتانیا سەیری لیستی تەلەفۆنەکانیان دەکات و پەیوەندییان بە هەرکەسێکەوە کردبێت لەو وڵاتە، بە قاچاخچی لە قەڵەم دەدرێت.
 
پێشتر رووداو لەگەڵ دوو کۆچبەری رزگاربووی نێو ئەو بەلەمە قسەی کردووە. یەکێکیان ناوی محەممەد ئیبراهیم زادەیە کە تەمەنی 21 ساڵە و یەکێکی دیکەیان کە محەممەد عیسایە تەمەنی 21 ساڵە خەڵکی سۆماڵە.
 
بەپێی گێڕانەوەی ئەو دوو رزگاربووە بەلەمەکە 34 کەسی تێدابووە و شۆفێری بەلەمەكەش كە پیاوێكی میسری بووە، دوای ئەوەی کە چووپەکەیان دەتەقێت، تاوەكو بەیانی دەست بە بەلەمەكەوە دەگرن، كە تاوەكو ئەوكات بەشێكی هێشتا هەوای تێدا مابوو. محەممەد ئیبراهیم زادە دەڵێت، دوای 12 كاژێر مانەوە لەنێو ئاودا "دەستمان لە بەلەمەكە و ژیان بەردا". 
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو دوو رزگاربووە، ئەوانەی لەو بەلەمە سواربوونە بەشێکی زۆریان خەڵكی كوردستان بوون، بەشێکیشیان خەڵکی سۆماڵ، ئێران، ئەفغانستان و ڤێتنام بوون. 
 
گەشتە قاچاخییەکەی ئەو بەلەمە لە کاڵاسەوە دەستی پێکردووە، وەکو محەممەد ئیبراهیم زادە باسی دەکات، دوای ماوەیەك، ئاو چووەتە ناو بەلەمەكەیان و بە دەست فڕێیان داوەتە دەرەوە، ئینجا كون بووە و لە كارکەوتووە. كاتێک پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە دەكەن و شوێنەكەیان بۆ دەنێرن، پۆلیسی فەرەنسا پێیاندەڵێ ئێوە لە ئاوی بەریتانیادان و پەیوەندی بە پۆلیسی بەریتانیاوە بكەن، بەڵام پۆلیسی بەریتانیاش پێیاندەڵێ پەیوەندی بە پۆلیسی فەرەنساوە بكەن. ئەوەی بە ئینگلیزی قسە لەگەڵ پۆلیسەكان دەكات گەنجێكی دەربەندیخان بووە و، یەكێك دەبێت لە پێنج كەسەكەی خێزانەكەی قەزای دەربەندیخانی پارێزگای سلێمانی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و مارک رووتە، سکرتێری ناتۆ

ترەمپ و سکرتێری ناتۆ لەبارەی "دۆخی ئاسایشی جیهان" کۆدەبنەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا کۆبوونەوە و پرسی هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئاسایشی جیهان تاوتوێ کرد