کۆمپانیای ستێلانتیس لە سڕبیا ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی بەرهەمدەهێنێت

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئۆتۆمبێلێکی  کۆمپانیای ستێلانتیس.
ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای ستێلانتیس.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای (ستێلانتیس)ی خاوەنی براندی فیات لە مانگی 10ی ئەم ساڵەوە لە کارگەیەکی کۆمپانیای فیات لە سڕبیا دەست بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەکات.
 
کارلۆس تاڤارێس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ستێلانتیس دەڵێت: "فیات یەکەم براندی کۆمپانیای ستێلانتیسە و ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 350 هەزار ئۆتۆمبێلی لێ فرۆشراوە. گەورەترین براندی بازرگانی ستێلانتیسە. ئێمە 15 براندی جیاوازمان هەیە."
 
ئۆتۆمبێلی کارەبایی فیات ناوی لێنراوە (گراند پاندای کارەبایی) و مانگی رابردوو بە شێوازی تاقیکاری بەرهەمهێنانی دەستیپێکرد.
 
گراند پاندا بە گڵۆپە ئێڵ ئی دییە گەورەکانی دەناسرێتەوە؛ بڕیارە ئەم ئۆتۆمبێلە یەکەمجار لە بازاڕەکانی ئەورووپا نمایش بکرێت، پاشان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا.
 
داشبۆردی ئۆتۆمبێلەکە لە مادەی ریسایکلکراو دروستکراوە. 
 
براندە ئەوروپییەکان رووبەڕووی رکابەریی تووندی کۆمپانیا چینییەکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی بوونەتەوە.
 
بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی نێوخۆ، یەکێتیی ئەورووپا 38٪ـی گومرگ و باجی بەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی چینی سەپاندووە.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ستێلانتیس دەڵێت: "دەمانەوێ ئەوەتان پێبڵێین، ئێمە رووبەڕووی رکابەری و ئاڵنگاری دەبینەوە، بەتایبەتی لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە کە بازاڕی ئەورووپایان کردووەتە ئامانج. رکابەری لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان زۆر قورسە و بێ بەزەییانەیە. هەموو وڵاتانی ئەورووپا داوایان کردووە کۆمپانیا چینییەکان لە ئەورووپا کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بکەنەوە."
 
کۆمپانیای ستێلانتیس کۆمپانیایەکی ئەوروپی-ئەمریکییە و لە ساڵی 2021 لە دوای یەکگرتنی کۆمپانیای کرایسلەری ئەمریکی و فیات و پێژۆی ئەورووپی دروستبوو. 
 
ستێلانتیش رایگەیاندووە بەهۆی بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی و کەمبوونەوەی قەبارەی فرۆشی کۆمپانیاکە، پوختەی قازانجی لە 11 ملیار دۆلاری نیوەی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، دابەزیو بۆ 5.6 ملیار یۆرۆ لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە