رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار دوای 11 مانگ، رۆژی سێشەممە هیچ تووشبوویێکی کۆرۆنا لە بەریتانیا گیانی لەدەستنەداوە.
وێرای زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتاکە بەهۆی جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە دوای 30ی تەمووزی 2020، هیچ کەس لە بەریتانیا بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە.
بەگوێرەی دوایین داتا فەرمییەکان. 127 هەزار و 782 کەس لە بەریتانیا بەهۆی پەتاکە گیانیان لەدەستداوە، کە ئەو ژمارەیە لەسەر ئاستی وڵاتە ئەوروپییەکان، زۆرترینە. هەروەها کۆی گشتی 4 ملیۆن و 490 هەزار تووشبووی پەتاکە لەو وڵاتە تۆمارکراون.
دابەزینی ژمارەی مردووانی پەتاکە بۆ سفر دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە حکومەتی ئەو وڵاتە مردنی تەنیا یەک کەسی لە سەرانسەری شانشینی یەکگرتوو بە کۆرۆنا راگەیاند.
ئەم خاڵی وەرچەرخانەی بەریتانیا لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا دوای ئەوە دێت، کە حکومەتی ئەو وڵاتە لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک پلانی بۆ کردنەوەی ئابوورییەکەی جێبەجێکردن.
دوای دەرکەوتنی جۆرێکی گۆڕاوی کۆرۆنا کە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، لە مانگی یەکەمی ئەمساڵ حکومەتی بەریتانیا قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری راگەیاند بۆ ئەوەی شەپۆڵی دووەمی تووشبوون بە کۆرۆنا رابگرێت.
بەریتانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی، کە زووتر لە هەموو ئەوانی دیکە دەستی بە کوتانی هاووڵاتییەکانی کرد.
دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکە لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، تائێستا 25 ملیۆن کەس لەو وڵاتە هەردوو قورچکی ڤاکسینیان وەرگرتووە کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووە پێگەیشتووەکانی.
بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە دەکرێت بەریتانیا رووبەڕووی شەپۆڵی سێیەمی کۆرۆنا ببێتەوە بەهۆی ئەو جۆرە ڤایرۆسە گۆڕاوەی کە سەرەتا لە هیندستان بڵاوبووەتەوە کە بە دەلتا ناسراوە.
رۆژی سێشەممە، لە بەریتانیا، بۆ حەوتەم رۆژ لەسە یەک، ژمارەی تووشبووانی نوێ زیاتر لە سێ هەزار کەس بوو، کە ئەوەش پلانەکانی حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن-ی بۆ لابردنی تەواوی رێکارەکان تاوەکو ٢١ حوزەیران، خستووەتە نێو گومانەوە.
گوتەبێژی حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی داتاکان بە شێوەیەکی رۆژانە. هەروەها باسی لەوە کرد گۆڕینی پلانی لابردنی قەدەخەی هاتووچۆ، لەسەر بنەمای داتاکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
هەفتەی رابردوو، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند هیچ شتێک لە نێو داتا نوێیەکاندا نییە وا پیشانیبدات کە پێویست بێت بەریتانیا پلانەکەی بگۆڕێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)