رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەنەدا رایگەیاند، بەهۆی تەقەکردن لە گەڕەکێکی جوونشینی شاری مۆنتریال لە کەنەدا، سێ کەس کوژران کە ئەفسەرێکی پۆلیس، هاووڵاتییەکی سڤیل و گومانلێکراوی هێرشەکەی تێدایە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی پاڵنەرەکانی پشت ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە، کە لە ناوچەیەکدا روویداوە کە چەندین چێشتخانە و مارکێتی تایبەت بە جووەکانی تێدایە و کۆمەڵگەیەکی گەورەی جووەکانی مۆنتریال هاتووچۆی تێدا دەکەن.
پۆلیسی مۆنتریال لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "بە خەمێکی گەورەوە گیانلەدەستدانی یەکێک لە ئەفسەرەکانی پۆلیسمان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا پشتڕاست دەکەینەوە."
پۆلیس بە جیا راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، گومانلێکراوی هێرشەکە و هاووڵاتییەکی نیشتەجێی ناوچەکە کوژراون، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد خۆیان لە چوونە ناوچەکە بەدوور بگرن.
هێشتا ناسنامەی هاووڵاتییە سڤیلە کوژراوەکە ئاشکرا نەکراوە.
ناوەندی کاروباری ئیسرائیل و جووەکان (CIJA)، کە گرووپێکی مەدەنیی دیاری کەنەدایە، رایگەیاند بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
ناوەندەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە کاتێکدا چاوەڕێی وردەکاریی زیاتر دەکەین لەبارەی سرووشتی ئەم رووداوە ترسناکە، داوا لە ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان دەکەین وریا بن."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

