"قەیرانی دارایی زۆری و بۆریی چاپی كتێبی نەهێشت"

31-03-2016
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن قەیرانی دارایی کتێب
A+ A-

رووداو - هەولێر

كتێبفرۆشان دەڵێن قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر فرۆشی كتێب و بەراورد بە ساڵانی پێشوو فرۆشی كتێب كەم بووەتەوە، بەڵام سوودێكی ئەو قەیرانە ئەوە بووە كە زۆری و بۆریی لە چاپكردنی كتێبدا نەهێشت و ئێستا تەنیا پەرتووكی باش چاپ دەكرێن.

قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی مووچە كاریگەری لەسەر بازاڕی هەموو شتێك جێهێشتووە، تەنانەت فرۆشی هەندێ كاڵا زۆر سست بووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەك كتێبفرۆشان دەڵێن، بەراورد بە گیرفانی خەڵك فرۆشی كتێب لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام بازاڕیان وەكو جاران گەرموگوڕ نییە.

عیماد رەشید، خاوەنی كتێبخانەی فێربوون بۆ فرۆشتنی كتێب لە شاری هەولێر دەڵێت "هەرچەندە لەچاو ساڵانی پێشتر فرۆشی كتێب كەمی كردووە، بەڵام بەراورد بەگیرفانی خەڵك، فرۆشتنی كتێب هێشتا لە ئاستێكی باشدایە، ئەمە مایەی دڵخۆشییە، چونكە وڵات لە قەیرانی قووڵدایە و فرۆشی كتێبیش بەردەوامە".

بە گوتەی عیماد رەشید، ئێستا زیاتر خواست لەسەر كڕینی رۆمان و بابەتە فكری و فەلسەفییەكانە، بەشی زۆری كڕیارانیش گەنجن. عیماد دەڵێت "لەكاتی قەیراندا خەڵك بۆ ئەوەی خۆی لەو واقیعە تاڵە بدزێتەوە، پەنا بۆ خوێندنەوەی رۆمان دەبەن، بۆیە ئێستا فرۆشی رۆمان لە هەموو بابەتەكانی دیكە زیاترە".

بەهۆی قەیرانی دارایی و دابیننەكردنی بودجە بۆیان، بەشێكی زۆر لە چاپخانە حكومی و حیزبییەكان وەستاون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كتێب وەكو جاران چاپ نەكرێت.

 عیماد رەشید دەڵێت "پێشتر ساڵانە چاپخانە حكومی و حیزبییەكان ناونیشانێكی زۆریان چاپ دەكرد، بەڵام بەشی زۆریان چونكە لەگەڵ خواستی خوێنەر یەكیان نەدەگرتەوە، بازاڕیان نەبوو، ئێستا پێچەوانەیە چاپ كەمی كردووە و فرۆشی ناونیشانە تازەكانی چاپخانە ئەهلییەكان زۆرە".

ناوەندی ئاوێر، بۆ چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب، یەكێكە لەو ناوەندانەی لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا سەدان ناونیشانی چاپ و بڵاوكردووەتەوە. 

حەسەن عالی، بەڕێوەبەری ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاوێر كە سێ پەرتووكخانەشی بۆ فرۆشتنی كتێب هەیە، دەڵێت "بەهۆی قەیرانی داراییەوە فرۆشی كتێب زۆر كەم بووە، بۆیە بۆ وەرگێڕان و چاپكردن زیاتر ئەو كتێبانە هەڵدەبژێرین كە پێشتر ناوبانگ و فرۆشی زۆریان لە جیهاندا هەبووە".

حەسەن عالی گوتیشی "هەرچەندە كتێبی باش خوێنەری خۆی هەیە، بەڵام فرۆشی كتێب بەگشتی بەراورد بەپێشتر بەڕێژەی 60% كەمی كردووە".

ناوەندی ئاوێر كە بنكە سەرەكییەكەی لەشاری هەولێرە، لەساڵی 1999 دامەزراوە، بەڵام چالاكییەكانی لەدوای ساڵی 2003 دەستپێكردووە.

حەسەن عالی دەڵێت "پێشتر چاپكراوەكانمان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان خواستێكی زۆریان لەسەر بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەكوو جاران نەماوە، بۆیە نرخی كتێبەكانمان بە رێژەی 30% دابەزاندووە".  

حەسەن دەڵێت "كتێبی باش بازاڕی خۆی لەدەست نەداوە، بۆ نموونە رۆمانمان هەیە 12 جار بە تیراژی 4-5 هەزار چاپ كراوەتەوە، بەڵام كتێبیشمان هەیە تیراژی 2000 بووە و تا ئێستا 100 دانەی لێ نەفرۆشراوە".

 ساڵانە لە دووی نیساندا پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هەولێر دەكرێتەوە و چەندین دەزگای چاپی ناوخۆ و بیانی بەشداریی تێدا دەكەن، ناوەندەكەی حەسەن هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەو پێشانگەیە ئامادە كردووە.

 پێشتر لەگەڵ دەرچوونی هەر ناونیشانێكی تازە، وەزارەتی رۆشنبیری ژمارەیەكی بۆ كتێبخانە گشتییەكان دەكڕی، بەڵام وادیارە قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر ئەوانیش داناوە.

حەسەن عالی دەڵێت "پێشتر لەگەڵ چاپكردنی هەر ناونیشانێكی تازە، بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانە گشتییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری 100 دانەی دەكڕی، بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانەوە، ئێستا زیاتر لە 250 ناونیشانمان چاپكردووە، تا ئێستا نەیانكڕیوە".

هاوشێوەی چاپخانە ئەهلییەكان، فرۆش و چاپی كتێب لە چاپخانە حكومییەكانیش كەمی كردووە. بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی هەولێر دراوەتە (رووداو)، ساڵی 2013 چاپخانەی هەولێر 69 كتێب و 20 گۆڤاری چاپ كردووە، بەڵام لەساڵی 2014دا 30 كتێب و 15 گۆڤاری چاپ كردووە، ساڵی رابردووش تەنیا 14 كتێبی چاپ كردووە.

سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكردنەوەی هەولێر لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەڵێت "قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری لەسەر چاپكردن و فرۆشی كتێبی چاپخانەكەمان هەبووە، بەجۆرێك فرۆشی كتێبەكانمان بەڕێژەی 70% دابەزیوە، چاپكردنی كتێبیشمان بەڕێژەی 50% كەمی كردووە".

سیروان عوسمان گوتیشی "پێشتر لەگەڵ چاپكردنی هەر كتێبێك، بڕە پارەیەكمان وەكو پاداشت دەدایە نووسەرەكە كە هەندێكجار دەگەیشتە ملیۆنێك و 200 هەزار، بەڵام دوو ساڵە هیچ پاداشتێك نادەینە نووسەر، بۆیە نووسەران كەمتر لە جاران بۆ چاپكردنی كتێبەكانیان روومان تێدەكەن".

لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەتدا، وەزارەتی رۆشنبیری ساڵی رابردوو هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردن، هەڵسەنگاندن، چاپكردن، زنجیرەی پەرتووكی منداڵانی لە هەولێر كردە یەك بەڕێوەبەرایەتی بەناوی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی هەولێر، ئەو كتێبخانەیەشی بە نێوی كوردستان چاپ كە بۆ فرۆشتنی كتێبەكانی هەیبوو، دایخست.

سیروان عوسمان دەڵێت "لێكدانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بۆ گەڕاندنەوەی داهات بوو بۆ حكومەت، داخستنی پەرتووكخانەكەش بەهۆی زۆریی كرێ و كەمیی فرۆشی كتێبەكانمان بوو".

ئێستا چاپخانەكان بۆ ئەوەی كتێبەكانیان بفرۆشن، گوڵبژێر لە هەڵبژاردنی ناونیشانی كتێب دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە سەتان كتێبی نووسەران دەرفەتی چاپكردنیان نەبێت.  

وەرگێڕ و رەخنەگر د.ئازاد حەمە شەریف، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لەكۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین، 30 كتێبی چاپكراوی هەیە، ماوەی ساڵێكیشە سێ كتێبی ئامادەیە بۆ چاپ.

د.ئازاد گوتی "قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر گیرفانی كڕیاری كتێب داناوە، چاپخانە ئەهلییەكانیش وەك كڕینی تەماتە مامەڵە لەگەڵ نووسەر دەكەن و پاداشتی كەمیش دەدەن، بۆیە ئامادە نیم پەرتووكەكانم لەلای ئەوان چاپ بكەم".

ئەگەرچی بازاڕی كتێب سست بووە، بەڵام خاوەن كتێبخانەكان دڵخۆشن بەوەی ئێستا زۆری و بۆری لە چاپكردنی كتێب نەماوە و تەنیا كتێبە ناوازە و پڕفرۆشەكان چاپ دەكرێن. عیماد رەشید، خاوەنی كتێبخانەی فێربوون دەڵێت "چاپخانە و ناوەندەكان بۆ ئەوەی كتێبەكانیان بفرۆشرێ، پەرتووكی ناوازە و بەئارەزووی خوێنەر چاپ دەكەن، بۆیە ئێستا زۆری و بۆری لە چاپكردنی كتێب نەماوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە