رووداو دیجیتاڵ
دەستەی رێکخستنی سەربەخۆی تۆپی پێی ئینگلتەرا، هۆشداری داوە لە کەڵەکەبوونی مەترسییە داراییەکان، کە رووبەڕووی یانە پیشەگەرەکانی وڵاتەکە بووەتەوە.
راپۆرتێکی ئەو دەستەیە ئاشکرایکردووە 94 لەسەدی، یانەکانی هەر پێنج ئاستە بەرزەکەی خولەکانی ئینگلتەرا، لە وەرزی 2025 - 2026 زیانیانکردووە، ئەگەرچی بەگشتی 9 ملیار پاوەند، داهاتیان هەبووە.
ئەو دەستەیە کە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی تۆپی پێ لە ساڵی 2025 دامەزرێنراوە، داوای تووندکردنی چاودێری بەسەر خەرجیی یانەکانەوە دەکات، هەروەها داوا دەکات یانەکان، پابەند بکرێن بەمامەڵەکردن بەپێی تەنگژە داراییەکان.
دەستەکە، شەش رێنوینی دیکەی دەرکردووە بۆ چاککردنی میکانیزمی دابەشکردنی داهات بەسەر یانەکاندا، لەگەڵ باشترکردنی بەڕێوەبردنی دارایی.
راپۆرتەکە لەژێر ناوی 'دۆخی یارییەکە'، کە میدیای ئینگلتەرا بڵاویانکردووەتەوە، دەڵێن سێ بەشی یانەکانی ئەندام لە دەستەی خولی ئینگلتەرای ناسراو بە (EFL)، کە سەرپەرشتی هەرسێ خولی یەکەم تاوەکو سێیەمی وڵات دەکات، لەگەڵ خولی پلە پێنجی وڵاتەکە، لە رووی ژمێریارییەوە دووچاری کورتهێنان بووە، بەهۆی ئەوەی پابەندییە داراییەکانی، لە بەها نووسراوەکانی پشکەکانی گەورەترە.
راپۆرتەکە، کە هەشت هەفتە گفتوگۆی گشتی لەبارەوە دەکرێت، بەرلەوەی بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە، ئاشکرایکردووە، پشتبەستنی زۆر بە پارەدارکردنی یانەکان، لەلایەن خاوەنی یانەکانەوە هەیە، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانانەی لە بوودجەی یانەکاندا دروستدەبن، هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی قەرزەکان و دەڵێ بەردەوامبوونی ئەو پشتبەستنە بە خاوەن یانەکان، یانەکان رووبەڕووی مەترسیی دارایی گەورە دەکاتەوە، بەتایبەت ئەگەر خاوەن یانەکان، چیدی پارە نەدەنە یانەکانیان.
مەترسیداریی دۆخەکە زیاتر لەوەدا بەرجەستەبووە کە 66 لەسەدی ئەو یانانەی، راپۆرتی دارایی خۆیان داوەتە دەستەکە، ئاشکرایانکردووە بەبێ پشتگیریی دارایی خاوەنی یانەکان، لە 90 رۆژ زیاتر ناتوانن بەرگە بگرن، لە کاتێکدا 29 لەسەدیان گوتوویانە، دۆخی داراییان بەبێ پشتگیریی خاوەنی یانەکە، لە سی رۆژ زیاتر بەرگە ناگرێت.
ئەو ئەنجامانە، وای لە دەستەکە کردووە، دۆخی بەڕێوەبردنی مەترسیداری دارایی و دۆخی پلانەکانی فریاگوزاری باشتر بکات، کە بەردەوامیی دەداتە یانەکان، بەپابەندبوونە داراییەکانیان، ئەگەر خاوەنەکان نەیانتوانی یانەکانیان پارەداربکەن.
داڤید کوگان، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی رێکخستنی تۆپی پێ دەڵێ، "لەکاتێکدا هەندێک یانەمان لە دەوڵەمەندترینیەکانی جیهانن، هەندێکی دیکەمان هەن، لە لێواری مایەپووچبووندان".
لیزا ناندی، وەزیری کولتوور، راگەیاندن و وەرزشی بەریتانیا دەڵێ، ئەنجامەکانی راپۆرتەکە، ئەو دۆخە تاریکە داراییە بەرجەستە دەکات، کە یانەکانمان تێیدا دەژین.
ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە ناکرێ یانەکان، تەنیا بەگۆڕینی خاوەن یانەیەک بۆ یەکێکی خراپ، لە مایەپووچبوون نزیک ببنەوە.
دەستەی پرێمەرلیگ لای خۆیەوە، پشتگیری راپۆرتەکەی کردووە و دەڵێ، دەبێ چارەسەرێک بدۆزرێتوە، بۆ ئەوەی دامەزراوەی تۆپی پێ، بەرەو فراوانکردنی داهاتەکانی ببات.
پرێمەرلیگ، لەگەڵ دەستەی خولی ئینگلتەرا لە دانوستاندنی راستەوخۆدایە، لەپێناو دابەشکردنەوەی داهاتی سێ خولە یەکەمەکەی ئینگلتەرا.
یانەکانی پرێمەرلیگ داوا دەکەن لەماوەی دە ساڵدا بڕی 1،8 ملیار پاوەند بەسەریاندا دابەش بکرێتەوە، لە کاتێکدا دەستەی خولی ئینگلتەرا پێشنیازی کردووە، لەماوەی پێنج ساڵدا، یانەکان یەک ملیار پاوەندیان بدرێتێ.



