رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ بۆ دووەم یاریی لەسەریەک بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لەسەر ئاستی ئەورووپا تۆماربکات.
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزی گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کاژێر 22:00 یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی رۆمای ئیتاڵی یاریی دەکات و جۆزێ مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە یاریگای ئۆڵیمپیکۆ و رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە.
رۆژی سێشەممە لۆس بلانکۆس دوایین مەشقەکانی بۆ ئەو یارییە ئەنجامدا و دوای ئەوە بەرەو رۆما بەڕێکەوت.
چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو هاندەرانی رۆما پێشوازییەکی گەورە لە مۆرینیۆ بکەن، دوای ئەوەی لە وەرزی 2021-2022 نازناوی کۆنفڕانسلیگی بۆ یانەکە بردەوە.
ریال مەدرید یاریی یەکەمی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان بردووەتەوە و چاوی لە بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکە.
رۆما تیپێکی بەهێزە لەم وەرزەدا، تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، لە یاریی یەکەمیدا لە چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ فێنارباخچە یەکسانبووە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات.
لە 12 یاریی پێشووی نێوان هەردوو تیپدا، ریال مەدرید هەشت یاریی بردووەتەوە، رۆما خاوەنی سێ سەرکەوتنە و یەک یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
رۆما لە نیوەی ئەو یارییانەی لە یاریگای خۆی ئەنجامیداون، 5 جار دۆڕاوە، کەواتە یاریگای ئۆڵیمپیکۆ بۆ ریال مەدرید نامۆ نییە و یەکێکە لە یاریگا دڵخوازەکانی یانەکە.



