رووداو - تەندروستی
مایۆکلینیکی پزیشکی رایگەیاند، لە تاقیکردنەوەیەکدا تێکەڵکردنی دەرمانێکی بەرگریی جەستە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی، دەتوانێت رێگری لە گەڕانەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن بکات دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و ترسی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکە کەمبکاتەوە.
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی FDA، رەزامەندیدا لەسەر دەرمانێکی بەرگری بە ناوی Atezolizumab، مەترسیی دووبارەبوونەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن یان مردن بەهۆی نەخۆشییەکەوە بە رێژەی 50٪ کەمدەکاتەوە.
د. فرانك سینیڕۆپپ، پسپۆڕ لە بواری شێرپەنجەی رێڕەوی هەرس و کۆڵۆن لە مایۆکلینیک دەریخستووە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر 712 نەخۆشی قۆناخی سێیەمی شێرپەنجەی کۆڵۆن ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، دوای 3 ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەر، 86.3٪ی ئەو نەخۆشانەی چارەسەری کیمیایی و دەرمانی بەرگریی Atezolizumab پێکەوەیان وەرگرتبوو، بە تەواوی لە نەخۆشییەکە رزگاریان بووبوو. بەراورد بە 76.2٪ لەوانەی تەنیا چارەسەری کیمیاییان وەرگرتبوو.
پسپۆڕان لە مایۆکلینیکی پزیشکی دەریدەخەن، ئەم چارەسەرە رێگە بە پزیشکان دەدات راستەوخۆ دوای نەشتەرگەری دەرمان بەکاربهێنن بۆ لەناوبردنی شانە شێرپەنجەییەکان و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی، بەتایبەتی بۆ تووشبووانی گەنجی خوار تەمەن 50 ساڵ.



