رووداو- هەولێر
پاییز هات! وەرزێکی دیکە، وەرچەرخانێکیی دی لە سرووشتدا، گەڵاکان دەوەرن و چیدی بە درەختەکانەوە گوێمان لە خشپەی گەڵاکان نابێ، تاکە خشپەیەکی سارد کە دێتە گوێ خشپەی خەزانە!
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە خەزانێکی دیکەدا ناژین؟ دەبینی ئەو هەموو مرۆڤە دەکوژرێن، سەریان دەپەڕێ، نەک هەر وەک گەڵا، بگرە وەک ئەوەی هەر یەکەیان لقێک بن لە درەختی مرۆڤایەتی دەشکێن و بەردەبنەوە.
پاییز لەم رۆژگار و ساڵانەدا چ مانایەکی هەیە؟ ئایا هەمان هەستبزوێنیی هەیە کە لە شیعرە کلاسیکەکاندا هەبوو؟
چەند شاعیرێکی کورد وەڵامی ئەو پرسیارەیان دایەوە، تەنیا محەممەد بۆ رووداو دەڵێ: "ساڵانی بەرێ یەک دوو هەفتە بەرلەوەی وەرزی پڕ لەڕەنگی پاییزبێت فرە شپرزە دەبووم کە چۆن بتوانم کەوتنی ئەو هەموو رەنگە بەجارێ ببینم ؟ گەرچی هەموان دەزانین پاییز قریشکەو گریان و شیوەنی گەڵاو گوڵ و دار‌و درەختە، وەلێ لەبەر پڕ رەنگی و هاواری بێدەنگی ئەو هەموو کەوتن و وەرینە نەدەکرا چێژی لێنەبەین !
لێ هەڤاڵنۆ لە هەنووکەوە پاییزی ئەو وەرزە بۆ ئێوەش بێچێژە ؟ بێ ئەلوان و رەنگ تاریکە ؟ دەی هەروەک ساڵانی بەرێ پاییز هەوکە نەهاتووە و کەچی من خەزانی ئینسان لەسەر تەختەی شانۆی زەوی لە دنیا بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی دەبینم ، بەهەرلادا وەردەچەرخێم سەری ئینسان لەبەردەست و پێی درەختی خۆیدا دەبینم کەوتووە و خەزانێکە لە هیچ وەرزێکی ساڵ ناچێت، وەرزی وەرین و کەوتن و مردنی ئینسان نەبێت !

چما گەلۆ بەر لە پاییز خەزان چنگی لە گیانی ئینسان بەگشتی و کورد بەتایبەتی گیرکرد ؟ چما پاییزی ئینسان لە رەنگی تیشکدانەوەی کوشتن و سوور بەولاوە ئەلوانێکی دیکەی خرۆشانی خۆشی لێبەدی ناکرێت ؟
بۆ هێندە بەلەز شمشێربەدەستانی تاریکی پێکەنین لە لێو دادەماڵن و تەنها رەنگی سوور بۆ خەزانی ئەو وەرزەیان دەنەخشێنن ؟ پاییزی ئەو وەرزەیان ئەوەندە قانداوە بەسەری وەریو و بە دڵی شکاو و بەڕوحی کەوتوو مەجالی موشتاقبوونی حەزێکیان نەهێشتووەتەوە بۆ چێژبردن لە کەوتنی رەنگەکان، ساڵانێک کە تەنیا لە پاییزدا کەوتنی گەڵاو و گووڵ بەدیکرابا ئێستا قەوانی فیشەکەو ئینسانی لە چەشنی کەوتنی لقێک لە دارێک پێ لەژیان کەوێندراوە و سەدان خەون و خۆزگەو ئاواتی لەگەڵ وەریوە، تەنێ دەزانم پاییزی ئەو وەرزە بۆ من هیچ لە پاییز ناچێت و هیچ شاعیرانە نییە، یەک رەنگ دەبینم کە خوێنەو خۆشیشم لە خوێن نایەت.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر، ژنە شاعیر بۆ رووداو دەڵێ دەڵێ: "وه‌رزی خه زان، وەرزی وه‌رینی رۆحی ئه‌و گەڵایانهیە که هه‌میشه پێشتر ژیانی ئێمه‌ی جوانتر و گه‌شتر کردووه، "ئه‌و وه‌رزی که باخچه‌یه‌ک له گوڵی ره‌نگاوڕه‌نگی به ئێمه به‌خشیوه" وه‌رزی جوانی سرووشت و ژیانه‌وه‌ی بێده‌نگی و ئاشنابوون به بارانی دڵ و ده‌روونمان ئه‌م وه‌رزه جوانه که دڵ و روحی تیا بەرەو کۆتایی ده‌بات، بەڵام وه‌رینی گەڵاکانی ئه‌وه‌نده‌یتر سرووشتی ژیان جوانتر دهنهخشینی ئه‌وه ئێمه‌ین له وه‌رزه‌دا گەڵاکانی باخچه‌ی بوونمان پڕده‌بێت له وه‌رین و دڵی پڕ له ئازارمان ئاودامان ده‌کات به خه‌م "بۆیه پاییز که چه‌ند لق و پۆپی گەڵاکانی پڕن له وه‌رین ئه‌وه‌نده‌یتر ئاسمان له دڵی ئه‌وه‌دا زه‌رد ده‌بێت، چونکه هه‌ردووکیان پڕن له‌سرووشت ".
با گەڵای داره‌کان هه‌ڵوه‌رێن... با شه‌قامه‌کان پڕبن لە گەڵا... به‌س نییه ئه‌وان سه‌ربه‌ستانه ده‌وه‌رن! با جوانییه‌کانی ژیانی خۆیان بوه‌رێنن، بەس نییه ئازادن، به‌س نییه سه‌ربه‌ستی ده‌به‌خشنه‌وه و ره‌نگی ژیان ده‌بێته باخچه‌یه‌ک لهبهرزین "ئه‌وه ئێمه‌ین وێنای جوانی ئه‌وان ده‌بینین، ئه‌وه ئێمه‌ین ره‌نگی گەڵا و گوڵە ناسکه‌کانی ئه‌وان دەچنینەوە "سڵاو له پاییز چه‌ند جوانه و ئاشنامان ده‌کاته‌وه به وه‌رزی هه‌ڵوه‌رین، خۆزگەم بە درەختەکان دەزانن که ساڵێکی دیکە و سەر دەردەهێننەوە بۆ جوانی دونیا".

زانا سامانی شاعیر پێیوایە، کە : "باسکردنی پاییز وەک قسەکردنە لەسەر تەمگرتنی تەمەن، وەک ونبوونە لەناو رووبارێکی بێبندا، هەمشیە مرۆڤە تەنیاکان لە خودبوونی خۆیاندا هەماهەنگییەکی رۆحی لەگەڵ پاییزدا دەبەستن و لەڕێی پاییزەوە خۆیان خاڵی دەکەنەوە لە مەراق و خەمباری و تەنیاییەکەیان.
بەڵام پاییز لای من یەکێکە لەو وەرزە بوێرەی دەتوانێت بنەچەی نا پاک و ناحەز هەپروون بە هەپروون بکات، ئەوە پاییزە رێ بۆ هاتنی زستانی برای خۆشدەکات، پاییزە درەختەکان ئامادە دەکات بۆ پاکبوونەوەو گەیشتن بە وەرزێکی نوێتر، بە بڕوای من پاییز وەک ژانێرێکی ئەدەبی هیچ پەیوەندی و هەمانگیرییەکی نییە لەگەڵ سەردەمی شیعری کلاسیکی کوردی یان زمانی هەر نەتەوەیەکی دی.
هەر بۆیە دەکرێت پاییز وەک چەمکێکی فەلسەفی قسەو باسی لەسەر بکرێت، چونکە پاییز تەنیا پەیوەندیی بە ژانری ئەدەب و بە تایبەتی شیعرەوە نییە، پاییز یەکێکە لەو لەحزە گرنگانەی بەسەر تەواوی هاتنی ساڵەکاندا دێت، هەر بۆیە ناکرێت پاییز بشووبهێنرێت بە هیچ سەردەم و کاتێکەوە، پاییز جیایەو نەهامەتی و کوشتن و بڕینی مرۆڤەکانیش شتێکی ترە، قات و قڕی و کووشتن و بڕین، ئەوە مرۆڤەکانن کە خۆیان درووستی دەکەن، هەر بۆیە ناکرێت بێڕەحمی مرۆڤەکان پەیوەست بکرێت بە پاییزەوە و لە بەهاو جوانی خوودی پاییز کەمبکرێتەوە.
بەڵام فاتمە فەرهادی گوتی: "سوپاس هاوڕێ... هیچ ڕایەکم لە سەر پاییز، مرۆڤ، خوێن، خاک، گەڵا، داکەوتن، مەرگ ، تەنانەت شیعر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا بە شیعرێکی پاییزی وەڵامی دایەوە:

پاییز هات
چنارێ که به جێم دێڵێت
ناتوانێ بۆنم له لقه‌کانی بسڕێته‌وه
من قامکه‌کانم له درۆیه‌ک گه‌ڕاندۆته‌وه
که ره‌نگی قژهکانته!
قسه‌کانم بۆ خیابانێ ئه‌ڵێم
له ژێر په‌توودا دامشاردووه و
ئه‌ڕژێمه خه‌ونێکه‌وه
هی خۆم نیه
هێشتا له‌وێ
خیابانێ له ده‌نگی چه‌کمه‌ی چه‌کداره‌کان
ڕائه‌چڵه‌کێت!
من نامه‌یه‌ک بۆ دوورترین پۆسته‌کان ئه‌نێرم و
ئه‌ڵێم: زیندووم!
به‌ڵام سپوورێ که پاییز ئه‌ماڵێت
دڵۆپه خوێنه‌کان له ئهسفاڵتهکه ئه‌شواته‌وه و
چنارێ که له باڵه‌کانم ئه‌چۆڕا
به تهنیاییهکانیا به‌رزه
یانێ
مه‌حاڵه به‌م هه‌موو بۆقه ئه‌شغاڵ و ته‌له‌فۆنه داخراوه‌وه
بتوانم بڵێم: خۆشتم ئه‌وێ!
یانێ
له خوێنی خیابانیش خۆش بم
ئه‌م ته‌نیاییه که پڕپێستمه چی لێبکه‌م؟
ته‌رمێ که زیندووتره له من
بۆ فنجانه تاڵه‌که‌م ئه‌ڕوانێت:
- چه‌قۆ ڕاسترین قسه‌س بۆ گه‌روو!

ئاوێزان نووری، شاعیر بۆ رووداو گوتی: "بە تێڕامان لەم بارودۆخەی ئێستا پێدەچێ روحی ماندومان بۆ تاهەتایە لە پاییزدا بمێنێتەوەو ئومێدی دەركەوتنی بەهارو دەركەوتنی چرۆیەكمان نەبێ.
ئەوەتا بەم درەختی نیشتمانەوە رۆژانە دەیان گەڵا هەڵدەورێ (با)یەكیش نییە ئامێزیان بۆ بگرێتەوە، ئەوەتا هەموو رەنگ زەرد لە وەرزی كۆچ و وەرزی مەرگ و وەرزی سیسبونەوەداین، پاییزی ئەمساڵ ناخۆشترین پاییزەو لە دەقە ئەدەبییەكاندا جێی نابێتەوە، چونكە شیعریش دەست بە هەڵوەرین دەكات لە بینینی ئەم خەزانە ئەبەدییەی روح".

هەروەها بێستوون مینە دەڵێ: "پاییز بەلای من یەکێک لە جوانترین و چالاکترینی ئەو چوار وەرزەیە ، لە پاییزدا جیا لە دیمەن و کەشە فێنک و جوانەکەی راستەوخۆش کاریگەری هەیە لەسەر دەروونماندا، وەک هەر یەک لە چوار وەرزەکەی دی کە هەموویان راستەوخۆ پێوەندیان هەیە ، لە پاییزدا مرۆڤ دڵکراوەتر و چالاک‌تر دەبێت، راستەوخۆش دوای گەرمای هاوین دێت ئەمەش کاریگەری هەیە، شاعیرانەیە وەرزێکە دەتوانی زۆری لێهەڵێنجی، بەڵام ئێستا لەو ژینگەی ئێرە واتا ئێمەدا وەرزەکانیش هیچ وەک هەمووشتەکانی دی سارد و کەم مانا و کەم تامترن، هەر هێندە هەیە هەست بە گەرمی و ساردیان دەکەین، هێندەی وەرزەکان پێشکەشی ئێمەیان کردووە ئێمە هیچمان بۆ ئەوان نەکردووە، ئەمەش پێوەندی هەیە بە کو‌لتوور و دابی ئێمە کە کەمتری چالاکیمان هەیە، بۆ وەرینی گەڵاکان و رووتبوونەوەی درختەکان و بارینی بەفر و باران، خەزان جوانە بەڵام درختکان خوێنیان لێ نەیەت..".

.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
