رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق گەنمی تەواوی پارێزگاکە، بە ناوچەکانی سنووری مادەی 140یشەوە، وەردەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، شێروان دووبەردانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو گەنمی پارێزگای نەینەوا وەردەگیرێت، بە ناوچەکانی سنووری مادەی 140یشەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی رادەستکردنی گەنمی تلسقۆف چارەسەرکراون.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی نەینەوا لە 9ی حوزەیرانی 2026ـەوە دەستیپێکردووە. وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی کرد، لە رێی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە رۆژی رادەستکردنی گەنمەکە بۆ جووتیاران دیاری دەکرێت.
سەبارەت بە نرخی کڕینەوەی گەنم، دووبەردانی روونیکردەوە کە ئەو گەنمەی لە نێو پلانی کشتوکاڵیدایە هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار و ئەوەی لە دەرەوەی پلانەکەش بێت، هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێت.
پارێزگای نەینەوا ساڵانە لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین گەنم بەرهەم دەهێنێت. لە کۆی حەوت ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەو پارێزگایە، ئەم ساڵ چوار ملیۆن دۆنمی بە گەنم چێنراوە، بەڵام تەنیا 600 هەزار دۆنمی لە نێو پلانی کشتوکاڵیدایە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

