رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا بڕیاری بزووتنەوەکەی ئۆپۆزیسیۆن بوونە و دەشڵێت، هیچ لایەنێک داوای هاوپەیمانی لێنەکردوون. لەبارەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کورستان نییە.
رۆژی پێنجشەممە، 25-06-2026، دلێر عەبدولخالق، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: کەشوهەوای کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "زۆر ئەرێنی" بووە و هەستیان بە "قسەی ئاستبەرزی سیاسی لە رەهەندی نیشتمانییەوە" کردووە، بەڵام دەڵێت، "بەداخەوە لە میدیا ئەوە نابینم."
دلێر عەبدولخالق، ئاماژەی بەوەدا، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ترافیکی سەردان و کۆبوونەوەکانیان "بەرفراوان و قەرەباڵخ" بووە، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی، عەبدولخالق گوتی، "دوور لە چاوی کامێرا بووە بۆ دروستکردنی هەنگاوی کرداری لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعود بارزانی،" کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی گۆڕان، باسی لەوەش کرد کە رۆژی پێشتر شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەکۆی سەرەکیی گۆڕانیان کردووە. ئەو گوتی، یەکێتی "دەیەوێت پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەنەکان باشتر بکات" و هەوڵدەدرێت "ناکۆکییەکان بچووکتر بکرێنەوە و لێکتێگەیشتن دروست بێت."
دلێر عەبدولخالق، جەختی لەوە کردەوە کە "کەشوهەوای کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنییە،" بەڵام رەخنەی لە میدیاکان گرت و گوتی، "ئەوەی لە میدیا ئەیبینم تەشەنوجێکی زۆر هەیە، بە گژداچوونێکی بەردەوام هەیە کە ئێمە لە کۆبوونەوەکان ئەوەمان نەبینیوە."
سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەکەی، ئەو بەرپرسەی گۆڕان روونیکردەوە کە تاوەکو ئێستا وەکو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن کار دەکەن و هیچ لایەنێک داوای هاوپەیمانی لێ نەکردوون. ئەو گوتی، "کورسییەکەی ئێمە کورسیی لەحیمکردنی لایەنە جیاوازەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستانە."
دلێر عەبدولخالق، هۆشداریدا لەوەی کە پەرتەوازەیی و ناکۆکیی نێوخۆیی کورد لە بەغدا پێگەی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە و گوتی، "کە کورد یەکدەنگ بووە، لایەنەکانی دەسەڵاتی ئیتیحادی نەیانتوانیوە هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی پەرتەوازەییەوە، لە بەغدا لاوازین."
ئەو بەرپرسەی گۆڕان هیوای خواست ئەو هەڵوێستە ئەرێنییەی لە کۆبوونەوەکاندا هەیە، "تەرجومە بکرێت بۆ واقیع" و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کارا بکرێنەوە و میدیاکانیش "زمانێکی بەرزی سیاسی" بەکاربهێنن، چونکە "تێکدان بە هەموو کەس دەکرێت، بەس بیناکردن پیاوی خۆی دەوێت."


