ناکۆکییە ناوخۆییەکان پشتیوانییە دەرەکییەکان کەم دەکەنەوە

29-07-2023
روەیدا مستەفا
نیشانەکردن هەرێمی کوردستان
A+ A-
کورد بۆ ماوەیەکی درێژ هەرێمی کوردستانی زیرەکانە وەک نموونەی گەشی "عێراقەکەی دیکە" پیشاندا؛ "عێراقەکەی دیکە" کە تێیدا ئازادی رادەربڕین گەشەی کرد، بەرژەوەندیی گشتی کاری لەپێشینە بوو و ناکۆکییە نێوخۆییەکان زیرەکانە چارەسەر دەکران یان دەشاردرانەوە. هۆکاری ئەو سەرکەوتنە دەگەڕایەوە بۆ ئەزموونی کەسیی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەوان بە چاوی خۆیان ئەو تراژیدی و سەرکەوتنانەیان بینیبوون لە خەباتی کوردستان بۆ گەیشتنە ئارامی و هەبوونی سەروەری. ئەوان لە رێگەی ئەو خەباتەوە لە بەهای ئەو دەستکەوتانە تێدەگەیشتن کە بە زەحمەت بەدەستهێندرابوون؛ بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، وێنەیەکی جیاواز پیشان دەدات، چونکە هەرێمی کوردستان مانگ دوای مانگ، زیاتر پاشەکشە دەکات.
 
وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رکابەریی تووندی یەکتردان بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکەن و پێشکەوتن لە هەموو بوارەکاندا بەدەستبهێنن، کەچی کورد لە قۆناخێکی سەرەتاییدا ماوەتەوە. ئەرکە سەرەتاییەکانی وەک ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لە هەرێمی کوردستان، وەک ئاستەنگێک دەبینرێت کە نەهێشتنی ئاسان نییە. جێگەی نیگەرانییە تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە سیاسەتێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و چوارچێوەیەکی ئابووریی گشتگیر لە بوارە جیاوازەکاندا هەبێت.
 
نیگەرانی و تەنانەت توڕەییش لەنێو دۆستان و هاوپەیمانانی کورد لەزیادبووندایە و ئەو دەنگانەش بەرزتر دەبن کە نیگەرانی خۆیان لە قوربانی و زیانی کەڵەکەبوو دەردەبڕن، بەهۆی خراپیی پەیوەندی نێوان پارتە دەسەڵاتدارەکان. ئەم نیگەرانییانە بە هۆشیارییەوە دەربڕاون و گەیێندراون، بەڵام وادیارە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گوێیان پێنەداون. تارمایی هەڕەشەی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئاسۆدا دەبینرێت و وادیارە بەریتانیا و ئەمریکاش، کە سەردەمانێک پاڵەوانی نموونەیی بەهێزکردنی دیموکراسی و ئازادی بوون لە هەرێمی کوردستان، چیدیکە مەیلی ئەوەیان نییە زیاتر لەوە بچنە نێو ئەو ململانێیانەوە و هەوڵی زیاتر بۆ کۆتایی پێهێنانیان بدەن.  
 
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی پارتە دەسەڵاتدارەکان گوێنادەنە ئەو نیگەرانییانە؟ تەواوی ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەیان لە عێراق هەیە، داوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەن، سەرەڕای داننان بەو راستییەی دیموکراسیی کوردستان تەواو گەشەکردوو نییە. زۆر گرنگە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بە دامەزراوەیی بکرێت، چونکە هەڵبژاردن کلیلی داهاتووی ئەم هەرێمەیە. 
 
جێگەی نیگەرانییە، ساردوسڕی لەنێوان هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکاندا دروستبووە و ئەو نوێنەرایەتییانەش ئارامگرییان لە نەگەیشتنە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەدەستداوە. تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبوون، بەڵام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ رووینەداوە و ئەوەش ئەو گومانەی لای زۆر کەس دروست کردووە، کە بەرپرسانی کورد ئامادەنین بەپێی ئەو نیگەرانییانەی هەن مامەڵە بکەن. 
 
پەیامەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ کوردستان بەردەوامن، کە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری حکومەت، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و هەنگاونان بەرەو یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ کوردستانێک باوەش بۆ هەموو چین و توێژێک بکاتەوە. 
 
بەڵام زۆرجار گوتاری بەرپرسان بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن، هەروەها یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان، راست و دڵنیاکەر دەرناکەوێت و، تەنانەت هەوڵی کەم دراون بۆ ئەوەی بەڵێنەکان بکرێنە راستی. هەروەها بەهۆی هەندێک رووداو، ئازادی راگەیاندن لە کەشێکی ئازاددا نابینرێت لەلایەن ئەو رێکخراوە جیهانیانەی چاودێری دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوەش دژبەیەکییەکە کە زیان بە هەوڵە دیموکراسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت.
 
دەکرێت کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر سەکۆی جیهانی، گەورە و کاریگەر نەبێت، بەڵام ئەوە واتای ئەوە ناگەیێنێت کە ئاساییە کار بۆ نەهێشتنی نیگەرانییە دەرەکییەکان نەکرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە جیۆسیاسییەی هەرێمی کوردستان هەیەتی. پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە دەبێت بە هۆشیارییەوە ئاگاداری دۆست و دراوسێیەکان بین لە داڕشتنی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەدا، بە جۆرێک کە ئەو سیاسەتانە لە خزمەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دا بن. تەنیا لە رێگەی هەوڵی هاوبەشەوە بۆ راستکردنەوەی ئەو رێچکەیەی هەرێمی کوردستان لەسەری دەڕوات و  پێکەوەبوون و باوەشکردنەوە بۆ هەموو چین و توێژەکان دەتوانرێت وابکرێت کوردستان پێگەی خۆی وەک جێگەی ئومێد و پێشکەوتن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی شڵەژاودا بەدەستبێنێتەوە.
 
هەوڵەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی "دیموکراسی"، "مافی پێکهاتەکان" و ئەو ئاراستانەی لە رۆژئاواوە نزیکن، کە نەبوونە هۆکار بۆ ئەوەی پشتگیری بۆ گشتپرسیی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بەدەستبهێنرێت، نابێ هەرێمی کوردستان لەو ئاراستەیەی دووربخەنەوە، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نابێت. بایەخدان بە هێزی رەق و زیاتر سەرنجدان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێشتنەوەی سەقامگیریی هەرێمایەتی، ناکرێت رێگەی جێگرەوەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
هێشتا درەنگ نییە بۆ گۆڕین و راستکردنەوەی ئاراستەکان و بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی سیاسی و جەماوەریی هەرێمی کوردستان. ئەگەر چەند ساڵێک پێش ئێستا شەڕمان بۆ سەربەخۆیی کردبێت، ئەوا ئێستا شەڕێکی دیکەمان هەیە کە هێشتنەوەی ئەو مافە خۆبەڕێوەبەرییانەیە کە بە زەحمەت بەدەست هاتوون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.