رۆژی 17ی ئەیلوولی 1787، کاتێک بێنجامین فرانکلین لە تەلاری سەربەخۆیی لە شاری فیلادێلفیا (یەکەم پایتەختی ئەمریکا) دەهاتە دەرەوە، دوای ئەوەی نزیکەی چوار مانگ لەگەڵ باوکانی دیکەی دامەزرێنەر سەرقاڵی مشتومڕی تووند بوون لەسەر داڕشتنی دەستووری نوێی ئەمریکا، خانمێک بە ناوی ئێلیزابێس پاوڵ رێگەی لێگرت. بەپێی یاداشتە مێژووییەکانی جەیمس مەکهێنری کە شایەتحاڵی دیمەنەکە بووە، پاوڵ پرسیارێکی کورتی لێکرد: "دکتۆر، چ جۆرە حکومەتێکتان بۆ پێکهێناین؛ پاشایەتی یان کۆماری؟" فرانکلین وەڵامێکی دایەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە لە گوێی مێژوودا دەزرنگێتەوە: "کۆمارێک، ئەگەر بتوانن بیپارێزن."
ئەو رستە کورتەی فرانکلین، کورتکراوەی تەواوی فەلسەفەی دیموکراسییە: هیچ دەستوورێک، هەرچەندە مەزنیش بێت، ناتوانێت لەسەر کاخەز خۆی بپارێزێت ئەگەر میللەتێکی هۆشیار و دامەزراوەی زیندوو لەپشتییەوە نەبن.
لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمجارەی ئەمریکادا، دەنگدەرانی ئەو وڵاتە وەڵامی پرسیارەکەی 239 ساڵ لەمەوبەری فرانکلینیان دایەوە و بە جیهانیان گوت: بەڵێ، ئێمە هێشتا دەتوانین کۆمارەکەمان بپارێزین. ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا روویدا، چاوەڕواننەکراو نەبوو؛ راپرسییەکان پێشتر ئاماژەیان بە پێشەنگیی دیموکراتەکان کردبوو. هەندێک ناویان ناوە "سونامیی شین" (شین رەنگی دیموکراتەکانە)، بەڵام ئەگەر لەپشت ژمارەکانەوە خوێندنەوە بۆ رۆحی رووداوەکە بکەین، دەبینین ئەمە تەنیا سەرکەوتنی حیزبێک نییە بەسەر حیزبێکی دیکەدا، بەڵکو راپەڕینێکی بێدەنگ و رووبەڕووبوونەوەی ویژدانی گشتیی ئەمریکایە دژی دیاردەی "ترەمپیزم". دەنگدەری ئەمریکی لەم هەڵبژاردنەدا نەچووە سەر سندووقەکان بۆ ئەوەی چەکێکی سپی بداتە دەست دیموکراتەکان، بەڵکو چوو بۆ ئەوەی هێڵێکی سوور بەژێر سیاسەت و رەفتارەکانی دوو ساڵی رابردووی دۆناڵد ترەمپدا بهێنێت. ئەوان ماندووبوون لە سیاسەتی پشێوی، لە گۆڕینی دەوڵەت بۆ شانۆی نمایشی تاکەکەسی و لە لێدانی بەردەوام لە شکۆی دامەزراوەکان.
بەڵام ئەم هۆشیارییە جەماوەرییە لە بۆشاییەوە دروست نەبوو. پێش ئەوەی دەنگدەری ئەمریکی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بڕیاری خۆی بدات، دوو قەڵغانی پۆڵایین لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رێگرییان لەوە کرد ترەمپیزم جومگەکانی دەوڵەت پەکبخات: دەسەڵاتی دادوەری و میدیای ئازاد.
کاتێک دۆناڵد ترەمپ هەوڵی دەدا سنووری دەسەڵاتە دەستوورییەکان ببەزێنێت، دادگەکانی ئەمریکا، لە دادوەرە فیدراڵییەکانەوە تاوەکو دەگاتە دادگەی باڵا، وەکو شوورایەکی یاسایی بێلایەن وەستانەوە و چەندین بڕیاری تاکڕەوانەیان راگرت و هەڵوەشاندەوە. دادوەرەکان سەلماندیان کە وەفاداریی ئەوان بۆ دەقی دەستوورە نەک بۆ ئەو سەرۆکەی دایمەزراندوون. لە پاڵ دادگەکانیشدا، میدیای ئەمریکی رۆڵی راستەقینەی خۆی وەک چاودێر و دەسەڵاتی چوارەم گێڕا. سەرەڕای هێرشی بەردەوام و تۆمەتبارکردنیان بە "دووژمنی خەڵک"، رۆژنامەوانان و دامەزراوە میدیاییەکان کۆڵیان نەدا؛ ئەوان رۆژانە پەردەیان لەسەر راستییەکان لادەدا، بڕیارەکانی کۆشکی سپییان دەخستە ژێر پرسیاری وردەوە و نەیانهێشت پڕوپاگەندەی سیاسی شوێنی راستییەکان بگرێتەوە.
جۆزێف پۆڵیتزەر، دامەزرێنەری خەڵاتەکانی پۆڵیتزەر لە ساڵی 1904دا لە گوتەیەکی مێژووییدا کە تاوەکو ئەمڕۆش وەک مانیفێستی کاری میدیایی دەبینرێت، نووسیبووی: "کۆمارەکەمان و رۆژنامەوانییەکەمان پێکەوە هەڵدەستنەوە و پێکەوەش دەکەون." لە دوو ساڵی رابردوودا بە کردەیی دەرکەوت بۆچی پۆڵیتزەر چارەنووسی کۆماری بە میدیاوە بەستووەتەوە؛ بەبێ بوونی میدیایەکی بوێر و دادگەیەکی سەربەخۆ کە راستییەکان بۆ خەڵک روون بکەنەوە، دەنگدەری ئەمریکی نەیدەتوانی بەم چاوە کراوەیەوە بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ئەم تۆڕە تۆکمەیەی دامەزراوەکان، لە دادگە و میدیاوە تاوەکو دەگاتە سندووقی دەنگدان، تایبەتمەندییە ناوازەکەی دیموکراسیی ئەمریکای بەگەڕخست، کە ئەویش میکانیزمی خۆڕاستکردنەوەیە. هەروەک چۆن لە دۆسیەی وۆتەرگەیتدا میدیا راستییەکانی ئاشکرا کرد، دادگەکان یاسایان سەپاند و دواتر لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ساڵی 1974دا دەنگدەران بە سەندنەوەی 49 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی دەسەڵاتدار هاوسەنگییان بۆ واشنتن گەڕاندەوە، ئەمجارەش هەمان سێگۆشەی دیموکراسی مێژووی دووبارە کردەوە.
ئەمریکییەکان یاساکەی جەیمس مادیسن، ئەندازیاری دەستووریان چەسپاندەوە کە لە ساڵی 1788 لە نامیلکەی فیدراڵیستی ژمارە 52دا نووسیبووی: "فەرمانڕەواکان دەبێت هەمیشە هەست بە وابەستەییەکی راستەوخۆ و هاوسۆزییەکی قووڵ لەگەڵ خەڵکدا بکەن." ترەمپیزم ویستی گەل و یاسا و میدیا بکاتە پاشکۆی میزاجی سەرکردە، بەڵام دامەزراوەکان و هۆشیاریی خەڵک سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو سەردەمەیان راگەیاند.
ئەم چیرۆکەی واشنتن تەنیا بۆ ئەمریکییەکان نییە؛ ئەمە ئاوێنەیەکە کە تێیدا هەموو گەلانی تینووی دیموکراسی لە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانن وێنەی خۆیانی تێدا ببیننەوە. چ رێکەوتێکی سەرنجڕاکێش و پڕمانایە کە لە هەمان ئەو رۆژەی جیهان سەرقاڵی خوێندنەوەی ئیرادەی دەنگدەری ئەمریکییە، لە هەولێر و دوای دوو ساڵ لە چاوەڕوانی بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا، دەرگەی هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و پەرلەمان کۆبووەوە.
ئەم دوو دیمەنە، کارایی دادگە و میدیا و خێراییی لێپرسینەوەی جەماوەری لە واشنتن، لەگەڵ خاویی کاراکردنەوەی دامەزراوەی شەرعی لە هەولێر، راستییەکی قووڵمان پێشان دەدەن. راستییەکە ئەوەیە کە دیموکراسی تەنیا بریتی نییە لە رۆژی دەنگدان و خستنەناوەوەی کاخەزێک بۆ نێو سندووقەکان، بەڵکو دیموکراسی هەناسەدانی بەردەوامی پەرلەمان، سەربەخۆیی تەواوی دادگەکان و ئازادیی میدیایەکی پیشەییە کە بتوانێت لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکات. ئەزموونی ئەمریکا پێمان دەڵێت، هێزی هەر قەوارەیەکی سیاسی لەوەدایە پەرلەمان و دادگە و میدیاکەی بۆ یەک رۆژیش پەکنەخرێن و نەکرێنە بارمتەی ململانێکان.
ئەمریکییەکان بە جیهانیان پێشان دا کە نهێنیی مانەوەی دەوڵەتی بەهێز لە پیرۆزکردنی کەسەکاندا نییە، بەڵکو لە پیرۆزڕاگرتنی سیستم و سەروەریی یاسا و ئازادیی زانیاریدایە. بۆ ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، کە لە ناوچەیەکی پڕ لە گێژاوی سیاسیدا دەژین، گەورەترین چەکی مانەوە و بەهێزبوونمان بریتییە لە رێزگرتن لە دەنگی خەڵک، کارایی بەردەوامی پەرلەمان، دادگەی بێلایەن و میدیایەکی ئازاد و بەرپرسیار.
پرسیارەکەی بێنجامین فرانکلین دوای سێ سەدە، ئەمڕۆ ئاراستەی ئێمەش دەکرێت لە کوردستان: ئێمە خاوەنی قەوارە و پەرلەمانین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە دامەزراوەی زیندوو و هۆشیاریی گشتی بیسەلمێنین کە دەتوانین بیپارێزین.



