بەرایی
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا (2017–2026) عێراق تەنیا شەش ساڵ بودجەی پەسەندکراوی هەبووە و چوار ساڵ بێ یاسای بودجە بەڕێوە چووە: 2020، 2022، 2025 (کە خشتەکانی پەسەند نەکران) و 2026. لە ساڵانی بێ بودجەییدا حکومەت بە رێسای "یەک لەسەر دوازدە"ی ماددەی 13ی یاسای بەڕێوەبردنی داراییی فیدراڵ خەرجی کردووە.
ئێستا حکومەتی فیدراڵ رەشنووسی یاسای بودجەی 2027ی ئامادە کردووە کە لە 31 ماددە پێکهاتووە و 217.2 تریلیۆن دینار خەرجی، 174.2 تریلیۆن دینار داهات و 43.0 تریلیۆن دینار کورتهێنانی تێدایە. ئەمەش گەورەترین بودجەیە کە تائێستا پێشنیاز کراوە.
لەم راپۆرتەدا بە خوێندنەوەی ژمارەکانی رەشنووسی 2027، یاسای بودجەی 2023 و راپۆرتەکانی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی بۆ ساڵانی 2023 تا 2025، بەدوای وەڵامی سێ پرسیار سەرەکییەوە دەبین: ئایا رەشنووسی 2027 بەپێی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2019ی بەڕێوەبردنی داراییی فیدراڵ ئامادە کراوە و پابەندە بە رێساکانی؟ ژمارەکانی ناو یاسای بودجە چەند لەگەڵ داهات و خەرجیی راستەقینەی وەزارەتی دارایی یەکدەگرنەوە؟ بەراورد بە یاسای 2023 چی لە بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی 2027دا گۆڕاوە و مەترسییەکانی چین؟
رەشنووسی 2027 و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی
رەشنووسی 2027 لە روخساردا بودجەیەکی نوێیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان بودجەی ساڵانی رابردووە. ئەوەی ناونراوە بودجەی بەرنامە و ئەدا، کە 41.9 تریلیۆن دیناری بۆ دانراوە، رێژەی 90%ی (37.7 تریلیۆن دینار) بۆ وەزارەتی کارەبایە، واتە لە کرداردا خەرجیی کارەبایە بە ناوێکی دیکەوە. هەروەها، ئەو پێنج لایەنەی دیکە نیو بودجەی بەرنامە و ئەدا (خوێندنی باڵا، پاریزگای سەلاحەدین و دیوانیە، کۆلێژێک و دەستەیەک) کۆی پارە تەرخانکراوەکەیان 4.2 تریلیۆنە دینارە.
خەرجیی وەبەرهێنانیش بڕی 34.4 تریلیۆن دیناری بۆ دانراوە، کە زۆربەی پابەندبوونی پێشووترە: 10.0 تریلیۆن بۆ خولەکانی مۆڵەتپێدان (پارەدانی کۆمپانیا نەوتییەکان)، 4.2 بۆ رێککەوتنی چین، 3.2 بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان، 2.7 قەرزی دەرەکی و 1.5 پترۆدۆلار.
لە رەشنووسەکەدا ماددەی یەکەم تایبەتکراوە بە داهات، بەشێوەیەک کۆی داهات بە 174.2 تریلیۆن دینار دەخەمڵێنێت: لەنێویدا 127 تریلیۆن دیناری هەناردەی نەوتە لە رێگەی سۆمۆ، 17 تریلیۆن دیناری نەوتی فرۆشراوە بە پاڵاوگەکان و 30.2 تریلیۆن دیناریشی داهاتی نانەوتی و کانزایە. واتە نەوت رێژەی 82.7% و نانەوتیش رێژەی 17.3٪ ی داهات پێکدەهینێت. ئەم داهاتەش بەشێوەیەکە کەوا سۆمۆ دەبێ رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل (400 هەزاری هەرێمی کوردستان) بە نرخی 58 دۆلار هەناردە بکات، بەڵام ئایا ئەم بڕە هەناردە دەکرێت و بەرمیلێک نەوت بەو نرخە دەبێت؟
ماددەی دووەم، کۆی خەرجییەکانی بە 217.2 تریلیۆن دینار دادەنێت، کەوا بڕی بودجەی بڕگەکان 140.9 تریلیۆن دینارە کە 64.7 تریلیۆن دینار بۆ مووچە و 17 تریلیۆن دینار بۆ خەرجی قەرزەکان. خەرجی وەبەرهێنان بە 34.4 تریلیۆن دینار و خەرجی بەرنامە و ئەدایشی بە 41.9 تریلیۆن دینار خەمڵاندووە.
لەڕاستیدا رەشنووسەکە لە چوارچێوەی یاسای 6ی 2019دا نووسراوە، بەڵام لە چەند رێسایەکی سەرەکیدا لایداوە و خۆی لێ دەبەخشێت وەک ماددەی 6ی بڕگەی 4 کەوای دیاریکردووە کورتهێنان بەرێژەی 3%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بێت، بەڵام لە ماددەی 30دا رەشنووسەکە خۆی لەم خاڵە خۆی بەخشێوە، چونکە رێژەی کورتهێنان بۆ ساڵی داهاتوو سەروو 6 هێندەی ئەم بڕەیە.
نموونەیەکی دیکە ماددەی 8ی بڕگەی دووە لەبارەی بەکارهێنانی یەدەگی فریاکەوتن بەرێژەی 5%ی خەرجی، بەڵام لە ماددەی 9ی رەشنووسەکەدا میکانیزمەکەی تێدایە بەڵام بڕی یەدەگەکەی دیاری نەکردووە، ئەمەش دەستی حکومەت بۆ خەرجی لەناکاو و فریاکەوتن دەکاتەوە.
هەروەها، لە ماددەی 25ی بڕگەی یەکەمدا دەسەڵاتی گواستنەوەی پارە لەلایەن وەزیری دارایییەوە بە ئاستی «بەش» سنووردار دەکات، بەڵام لە رەشنووسەکەدا دەسەڵاتەکانی گواستنەوەی فراوانکردووە لە بەشێکەوە بۆ بەرنامە، واتە بەپێی یاسای ژمارە 9 وەزیر دەتوانێت بەشێک لە بودجەی بەرنامە و ئەدا لەنێوان دوو وەزارەت بگوازێتەوە نەوەکو ئەوەی بتوانێت پارە لە بودجەی بڕگەکانەوە بۆ بودجەی بەرنامە و ئەدا بگوازێتەوە.
بەپێی یاساکە، دەبوایە لە نیوەی مانگی رابردوو رەشنووسی بودجەکە رەوانەی پەرلەمان بکرایە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە وەزارەتی داراییەوە بەفەرمی نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردن، سەرەڕای بەردەوامی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر رەشنووسەکە.

ژمارەکانی یاسای بودجە بەرامبەر ژمارەکانی وەزارەتی دارایی
یاسای بودجە لە عێراق زیاتر دانانی ژمارەیەکە بۆ خەرجی و داهات تاوەکو ئەوەی پلانێکی پێشوەختە بێت. بۆ نموونە لە بەشی بەکارخستن (مووچە، خانەنشینی، چاودێریی کۆمەڵایەتی) هەموو ساڵێک خەرج دەکرێت، چ یاسای بودجە هەبێت یان نەبێت. ئەوەی دەگۆڕێت خەرجی وەبەرهێنانە، کە لە کاتی کەمیی پارەدا یەکەم شتە چاوی لێدەکرێت بۆ ئەوەی ببڕدرێت ، دیارترین خەرجییەکانی ساڵی 2025ە: خشتەکانی ئەو ساڵە پەسەند نەکران، بەڵام 141.2 تریلیۆن دینار خەرج کرا هاوشێوەی هەمان ئاستی ساڵی 2023 کە 142.4 تریلیۆن دینار خەرج کرابوو.
نموونەیەکی دیاریاسای ژمارە 13ی 2023 یە کەوا کۆی خەرجیی بە 198.9 و داهاتی بە 134.6 و کورتهێنانی بە 64.4 تریلیۆن دینار دانابوو، بەڵام راپۆرتی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی دەڵێت خەرجیی راستەقینە گەشتە 142.4 تریلیۆن دینارم واتە رێژەی 71.6%ی ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، کورتهێنانی راستەقینەش تەنیا 6.8 تریلیۆن دینار یان رێژەی4.7%ی خەرجیییەکان بوو. خەرجی وەبەرهێنانیش 24.2 تریلیۆن دینار بوو بەرامبەر 49.4ی ئەوەی پلانی بۆ دانراو، واتە نزیکەی رێژەی 51٪ کەمتر بوو.
لەراستیدا، ئەم ژمارانە رەنگدانەوەی ناجێگرییەکی گەورەیە چ ئەوەی لە دەستی حکومەتدایە وەک خەرجی و چ ئەوەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتە وەک داهات.
هەروەها، بەپێی پۆلێنکردنی ئیداریی راپۆرتەکانی کۆتایی ساڵی وەزارەتی دارایی، بەشی «ئەنجومەنی وەزیران» لە 2023دا 10.22 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە (8.01 خەرجیی بەکارخستن و 2.21 وەبەرهێنان)، لە 2024دا 10.68 تریلیۆن دینار (8.54 و 2.13) و لە 2025دا 9.37 تریلیۆن (8.06 و 1.32). لە 2024دا خەرجیی ئەم بەشە نزیکەی هەمان بڕی هەموو ئەو پارەیە بوو کە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکرا (10.79).
لەڕوویەکی دیکەوە، ئەگەر رەشنووسی 2027 بەرامبەر خەرجی راستەقینە هەڵبسەنگینین، ئەوا خەرجیی پێشنیازکراو 217.2 تریلیۆن دینارە کە رێژەی 44% لە بەرزترین خەرجیی راستەقینەی (2024) و رێژەی 54% لە خەرجیی 2025 زیاترە، و داهاتی نانەوتیی مەزەندەکراو 30.2 تریلیۆن دینارە کە نزیکەی دوو هێندەی 2025ە.
ساڵ بە ساڵ لە عێراق مووچە یان قەرەبووی فەرمانبەران روو لە زیادبوونەوە، بۆ نموونە لە 47.2 تریلیۆنەوە (2023) گەشتووەتە 60.4 تریلیۆن دینار لە 2025دا، واتە بەرێژەی +28% زیادیکردووە. لە رەشنووسی 2027 جارێکی دیکە رووی لە زیادبوونە بەتەرخانکردنی64.7 تریلیۆن دینار.
خەرجی راستەقینەی وەزارەت و دامەزراوەکانیش وەکو بودجەی پەسەندکراو نییە، بۆ نموونە لە 2023 بۆ 2025، خەرجیی راستەقینەی بەرگری 13% و ناوخۆ 5% بەرزبووەوە و نەوت لە نزیکەی 13 تریلیۆندا ماوەتەوە. لە بەرامبەردا کشتوکاڵ لە 1.49 بۆ 0.19 تریلیۆن دینار کەمیکردووە (−87%)، سەرچاوەکانی ئاو لە 0.85 بۆ 0.47 تریلیۆن دینار کەمیکردووە.
رەشنووسی 2027 بازدانێکی گەورەی بۆ وەزارەتی کارەبا تێدایە و بڕی 37.7 تریلیۆن دینار لە بودجەی بەرنامە و ئەدا بۆ داناوە، جگە لە نزیکەی 7.6 ملیار دۆلار قەرزی پرۆژە کە لە ماددەی 6دا بۆ کارەبا دیاری کراون، و ماددەی 2 دەڵێت هیچ پرۆژەیەکی نوێ ناکرێت جگە لە کارەبا.
لەراستیدا، بە بەراورد بە خەرجیی سێ ساڵی رابردوو ئەمە گۆڕانێکی گەورەیە بۆ وەزارەتی کارەبا، چونکە لەو ماوەیەدا ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی 9.9 تریلیۆن دینار بووە، و بەشی وەبەرهێنانی تەنیا لە نێوان 0.6 و 1.2 تریلیۆندا بووە.
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی پارەی پێشنیازکراوی ساڵی داهاتووی عێراق بۆ کارەبایە، بەڵام روون نییە ئایا بودجەی بەرنامە و ئەدا هەموو تێچووەکانی کارەبا (سووتەمەنی، هاوردەکردنی گاز و کارەبا و پرۆژەکان) لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە یان تەرخاندەکرێت بۆ بنیاتنانی وێستگەی نوێ؟ یانیش ئەمیش وەک ساڵانی پێشوو ژمارەیەکە و بە تەواوی خەرج ناکرێت.
هەروەها، یەکێک لەو وەزارەتانەی بەردەوام خەرجییەکانی وەبەرهێنان بۆ کراوە و رێژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی پیکهێناوە وەزارەتی نەوت بووە. لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 2023-2024-2025، ساڵانە نزیکەی 13 تریلیۆن دینار خەرجی کردووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دەقی رەشنووسەکەدا هیچ بڕگە یان بڕێکی جیاواز بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی گازی هاوەڵ یان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نییە؛ تەنیا ماددەی 21 تەسویەی ئەو پارانە دەکات کە لە 2022 تا 2026 بە نەوتی خاو دراونەتە کۆمپانیاکان، و ماددەی 29 رێگە بە ئەنجومەنی وەزیران دەدات تەرخانکراوی نەوت زیاد بکات. واتە لە رووی ژمارەوە خەرجیی نەوت لە 2027 هەمان شێوازی سێ ساڵی رابردوو دەبێت: پارەدانی کۆمپانیاکان، نەک پلانێکی نوێ بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ و بەرهەمهێنان.

پشکی هەرێمی کوردستان، 2023 بەرامبەر 2027
پشکی هەرێمی کوردستان لەدوای 2015وە لە یاساکاندا رێژەیەکی جێگیرە (12.67%)، بەڵام دوو میکانیزم بڕە راستەقینەکەی دیاری دەکەن: یەکەم، رێژەکە تەنیا دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان دەژمێردرێت؛ دووەم، لە «خەرجیی راستەقینە» حیساب دەکرێت نەک ئەوەی تەرخانکراوە وەکو ئەوەی لە بودجەدا پەسەندکراوە. بۆیەش بەپێی راپۆرتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەی B یاسای 2023 نزیکەی 16.5 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام بەپێی راپۆرتی وەزارەتی داراییی فیدراڵ ئەوەی خەرجکرا 10.8 تریلیۆن دینار لە (2024) و 10.4 تریلیۆن دینار لە (2025) دا، هەمووی مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە، بێ یەک دیناری وەبەرهێنان. واتە لە کرداردا پشکی هەرێمی کوردستان بووەتە پارەی مووچە.
لەڕاستیدا، گەورەترین گۆڕانی رەشنووسی 2027 بۆ هەرێمی کوردستان لە ژمارەکاندا نییە، لە دوو بڕگەی نوێدایە:
- ماددەی 10 (سێیەم/هـ) حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات گازی زیادە لە پێداویستیی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات، و ئەگەر رادەستی نەکرد، بەهاکەی لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت بەپێی داتای مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ پەسەندی دەکەن.
- ماددەی 10 (سێیەم/و) هیچ گرێبەستێکی نەوت و گاز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناهێڵێت جگە لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.
لەکاتێکدا، لە یاسای 2023دا هیچ کام لەم دوو بڕگەیە نەبوو. بەمەش گاز بۆ یەکەمجار دەچێتە ناو یاسای بودجەوە و دەبێتە هۆکارێکی دیکەی بڕینی پشک، لە کاتێکدا پشکەکە خۆی تەنیا مووچە دەگرێتەوە. ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان: هەر جیاوازییەک لە پێناسەی «گازی زیادە» یان لە داتای مانگانەدا، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕی ئەو پارە دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
بەپێی وەزارەتی داراییی فیدراڵ، لە 2024 بڕی 9.21 تریلیۆن دینار بۆ مووچە و 1.58 تریلیۆن دینار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی و لە 2025 دا بڕی 7.79 تریلیۆن دینار بۆ مووچە و 2.62 تریلیۆن دینار بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە؛ ئەمە واتە رێژەی 7.2% و 7.4%ی کۆی خەرجیی فیدراڵی لەو ساڵانەدا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە 2025 هەرێمی کوردستان 0.92 تریلیۆن داهاتی نانەوتیی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.
لەڕووی دەقی ماددەکانی ناو بودجەوە ئەگەر بەراوردی ماددەکانی 11 تا 14ی یاسای بودجەی 2023 لەگەڵ ماددەکانی 10 و 11ی رەشنووسی بودجەی 2027 بکەێن بەمشێوەیە:
- لەڕووی رێژەوە تاڕادەیەک هەمانە شتە (12.7%)، و بنەمای خەرجیی راستەقینە ماوە، لیستی خەرجییە سیادییەکان لە ناو ماددەکەوە بۆ خشتەیەکی هاوپێچ گواستراوەتەوە.
- شایستەکانی 2004 تا 2026 کە وەک قەرز لەسەر هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە و بڕەکەی12.7 تریلیۆن دینارە لەماوەی سێ ساڵدا بدرێتەوە.
- ماوەی دانەوەی قەرزی بانکی بازرگانی عێراقی TBI لە سەر هەرێمی کوردستان لە حەوت ساڵەوە کراوە بە سێ ساڵ، کە بڕینی مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان گەورەتر دەکات.
- راگرتنی دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئێستا، هەرێمی کوردستان بەپێی سەرژمێریی 2024 داوای 14.14% دەکات،بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە نیسانی 2026دا رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی لە 14.14%ەوە کرد بە 12.68%. و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژانی رابردوودا لە دوو چاوپێکەوتن دەڵی پشکی هەرێمی کوردستان رێژەی 12.7٪، چونکە کاتی خۆی هەرێمی کوردستان بۆخۆی داوایکردووە ئەو هاوڵاتیانەی پاریزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین هەژمار نەکرین، بۆ نموونە 300 هەزار کەسی پاریزگای نەینەوا کەوا لە دهۆک و هەولێر دەژین.
رەشنووسی 2027 هاوشێوەی رابردوو پشکی هەرێمی کوردستانی بە هەمان میکانیزمی خەرجی راستەقینە هێشتووەتەوە. ئەمەش وایکردووە باسی تەنیا 13 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجە بکرێت، لە کاتێکدا شایستەکانی 30 تریلیۆن دینارە.
جارێکی دیکە مشتومڕی ژمارەکان و بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە، کاتێکدا لە 27ی ئەیلوولی 2025ەوە سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات و حەقدەستی کۆمپانیاکان دەدات، و بەڕێوەبەری سۆمۆ بۆخۆی دەڵێت "لەو کاتەوە هیچ بڕە نەوتێکی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ بەرهەم نەهێنراوە و هەناردە نەکراوە."
کەچی لە کاتی دانوستاندنی ئەم رەشنووسی بودجەی 2027 دا باس لەوەدەکرێت بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان 450 هەزاری رۆژانەیە نەوەکو 250 هەزاری رۆژانە، باس لە راپۆرتی کۆمپانیای وود ماکینزی دەکرێت، لەکاتێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت "250 هەزاری رۆژانەیە بەپێی وود ماکینزی"، کەچی محەممەد تەمیمی، جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە رۆژانی دوای روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وتی "زانیاریی هەیە کە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان 450 هەزارە و تانکەری قاچاخ لە سنوور بینراون."
لەراستیدا، ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان زۆر ئاڵۆز نییە و بە ژمارەی کۆمپانیاکان زۆر روونە: بۆ نموونە بەپێی DNO بلۆکی تاوکێ ) کێڵگەکانی تاوکی و پێشابوور) نزیکەی 73 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کێڵگەی شێخان 45 هەزار رۆژانە (بەپێی گەڵف کیستۆن)، هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسنگ نزیکەی 55 هەزار، خورمەڵە 40-50 هەزاری رۆژانەیە، سەرقەڵا 6.5 هەزار، هەولێر و بجیل نزیکەی 8 هەزار و تەقتەق 3 هەزار. ئەگەر کۆندێنسیێتی کۆرمۆریش وەکو نەوت دابنێن کە 21 هەزاری رۆژانەیە، ئەوا کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 250-260 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. داتای سۆمۆ بۆ پەرلەمان لەم مانگەدا و راپۆرتەکانی S&P Global دەریدەخەن کە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و نزیکەی 50 هەزار بۆ ناوخۆیە، بەڵام دیار نییە ژمارەکانی وەکو 450 هەزار بەرمیل رۆژانە و 650 هەزار لەکۆیوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەتی لەکاتی گفتوگۆکانی رەشنووسی بودجەی 2027.
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و سەرسنگ بەهۆی بۆردومانی میلیشیاکانی عێراقەوە بوو، و ئێستا ئەو دوو کێڵگەیە پێکەوە توانای بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە، بەتایبەت کێڵگەی سەرسنگ لە 30 هەزار رۆژانەوە دابەزیووە بۆ خوار 10 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

کۆتایی
یاسای بودجە لە عێراق هێندەی رۆتینێکی ساڵانەیە، هێندە پابەندبوونێکی دامەزراوەیی پلان بۆدانراو نییە. چوار ساڵ لە دە ساڵ بێ یاسای بودجە خەرجی و داهاتەکان بەڕێوەبراوە. دانانی بەرزترین رێژەی 3%ی کورتهێنان لە هەردوو یاساکەدا هەڵپەسێردرا، لە 2023 تەنیا 71.6%ی خەرجییەکان جێبەجێ کرا، و لە 2025ی بێ خشتەی پەسەندکراوی پەرلەمان خەرجی هەمان ئاستی ساڵی یاسایی بووە. هەربۆیەش، ئەوەی بڕیار دەدات پارە چۆن خەرج بکرێت، دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانە زیاتر لە ماددە و خشتەکانی ناو یاسای بودجە.
بۆ نموونە لەڕووی دەسەڵاتی خەرجکردنەوە، یاسای 6ی 2019 بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە دەست وەزیری دارایی. لە ساڵانی بێ بودجەدا وەزیری دارایی بڕیاری خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدە دەردەکات و ئاستی خەرجکردن بەپێی ئەو پارەیەی بەردەستە دادەنێت، و وەزارەتەکەی تاکە لایەنە کە پارەی خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان بڕیار لێدەدات. هەروەها، وەزیری دارایی دەسەڵاتی قەرز کردن، حەواڵە و بۆند دەرکردنی هەیە، و بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران توانای گەرەنتی و سڕێنەوەی قەرزی حکومی یان دواخستنی هەیە.
بە کورتی و بەم شێوەیە، هەرچی لە یاسای بودجە دێت و پەرلەمان پەسەندی دەکات، رەنگدانەوەی نییە لە راپۆرتی دارایی کۆتایی ساڵ دا، چونکە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوەی پارە بۆ کوێ دەچێت لە دەستی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە تاوەکو دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق.
لەکۆتاییدا، مانگی 12ی 2027 دەردەکەوێت ئایا عێراق توانیوەیەتی 217 تریلیۆن خەرج بکات یان نا، کێ بڕیار دەدات کام بەشی ئەم ژمارەیە خەرج بکرێت یان نا، بەڵام لە ئەزموونی 2023 تا 2025وە دەردەکەوێت مووچە و خەرجیی ئەمنی دەپارێزرێن، وەبەرهێنان و پشکی هەرێمی کوردستان ئەگەر پێویست بێت یەکەم شتن کە دەبڕدرێن.
سەرچاوەکان
یاسای بەڕێوەبردنی داراییی فیدراڵ ژمارە 6ی 2019، وەقائیعی عێراقی ژمارە 4550 (5/8/2019)
یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ ژمارە 13ی 2023، وەقائیعی عێراقی ژمارە 4726 (26/6/2023)
رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی 2027
وەزارەتی داراییی فیدراڵ، فەرمانگەی ژمێریاری، بەشی یەکخستن: راپۆرتەکانی حیسابی دەوڵەت تا 31ی کانوونی یەکەمی 2023، 2024 و 2025
وەزارەتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان: بەیاننامەی کانوونی دووەمی 2025 دەربارەی مووچەی 2024
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای میدیا و زانیاری: راپۆرتەکانی شەفافیەت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە
حکومەتی هەرێمی کوردستان: راپۆرتی شیکاریی فەرمی دەربارەی سەرژمێری (ئەیلوولی 2026)
حکومەتی هەرێمی کوردستان: وتەی سەرۆکی حکومەت دەربارەی بودجەی 2027 (6/10/2026)
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان: بەیاننامەی کانوونی دووەمی 2025 دەربارەی مووچەی 2024



